گیانلەدەستدان و برینداربوونی دوو ئەندامی لقی سەربازیی پژاک لە ئەنجامی هێرشی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان

هەنگاو؛ یەکشەممە ۲۹ی پووشپەڕی ۲۷۲۵
لە ئەنجامی هێرشی درۆنیی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان، ئەندامێکی لقی سەربازیی پژاک بەناوی سمکۆ کۆبانی گیانی خۆی لەدەست دا و ئەندامێکی دیکەی ئەو ڕێکخراوە بریندار کرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ۲۸ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۱۹ی جولای ۲۰۲۵)، ئەندامێکی یەکینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەناوی سمکۆ کۆبانی لە هێرشی درۆنی بۆ سەر دەوروبەری گوندی "شیوەگوێزان"ی سەر بە پێنجوێن گیانی لەدەست دا و کەسێکی دیکەش بریندار کرا.
ئەو درۆنە لە ناوچە سنوورییە هاوبەشەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستانەوە ئۆتۆمبێلێکی جۆری تویوتا هایلۆکسی کردبوو بە ئامانج و لە ئەنجامددا دارستانەکانی ئەو ناوچە ئاگریان گرتووە و خەسارێکی زۆر بە ژینگەکەی گەیشتووە.
یەکینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (ی.ر.ک) بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوەیەک گیانلەدەستدان و برینداربوونی دوو ئەندامی خۆیان لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا پشتڕاست کردۆتەوە.