مەریوان؛ هێرشی بەربڵاوی هێزە حکوومەتییەکان بۆ سەر گوندی "نێ" و دەستبەسەرکردنی شەش چالاکی ژینگەپارێز
هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٥ی گەلاوێژی ٢٧٢٦
لە ئەنجامی هێرشی بەربڵاوی هێزە حکوومەتییەکان بۆ سەر گوندی «نێ»ی سەر بە شاری مەریوان، لانی کەم شەش هاووڵاتیی کورد و لە چالاکانی ژینگەپارێزی بە ناوەکانی ئاریا مەعرووفی، پشتیوان تاتار، زانیار ئەسوار، سامان خوسرەوی، هاوڕێ پەڕوازە و سارۆ ڕەوشەنی دەستبەسەرکران و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی گەلاوێژی ٢٧٢٦ (٦ی ئاگۆستی ٢٠٢٦)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعات و ئیتڵاعاتی سوپا بە بەکارهێنانی دەیان ئۆتۆمبێلی سەربازی و ئەمنی هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندی نێ و بە گەمارۆدانی ئەم گوندە و بەبێ پێشکەشکردنی هیچ پەڕە یان بڕیارێکی دادوەری، دەستیان داوەتە پشکنینی ماڵان و لە ئاکامدا چەندین هاووڵاتییان دەستبەسەر کردووە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، ناسنامەی شەش کەس لە دەستبەسەرکراوان کە لە چالاکانی ژینگەپارێزیشن بە ناوەکانی ئاریا مەعرووفی، پشتیوان تاتار، زانیار ئەسوار، سامان خوسرەوی، هاوڕێ پەڕوازە و سارۆ ڕەوشەنی بۆ هەنگاو پشتڕاست بووەتەوە.
سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە کە ئەگەری بەرزبوونەوەی ژمارەی دەستبەسەرکراوان لە ئارادایە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، لە هۆکاری دەستبەسەرکردن،تۆمەتە پاڵدراوەکان و شوێنی ڕاگرتنی ئەم شەش هاووڵاتییە هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا نییە و بەدوادەچوونی بەردەوامی بنەماڵەکانیان تا ئێستا بێئاکام ماوەتەوە.