دەستبەسەرکرانی باوک و خوشکی کارۆ ڕەسووڵی، چالاکی سیاسی لە مەهاباد؛ دانپێدانانی زۆرەملێ بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل

٣١ پووشپەڕ ٢٧٢٥، ١١:٣٤

هەنگاو؛ سێشەممە ۳۱ی پووشپەڕی ۲۷۲۵

خدر ڕەسووڵی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و کلارا ڕەسووڵی، باوک و خوشکی کارۆ ڕەسووڵی، چالاکی سیاسی دانیشتووی دەرەوەی وڵات و کادیری ڕێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە شاری مەهاباد دەستبەسەر کروان. ئەو دوو هاووڵاتییە لەژێر ئەشکەنجەی سەختی هێزە ئەمنییەکاندا ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ لەسەر "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" کراون.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، خدر ڕەسووڵی، تەمەن ۶۹ ساڵ و کلارا ڕەسووڵی، تەمەن ۳۷ ساڵ و خەڵکی مەهاباد لە ۱۲ ڕۆژ پێشترەوە لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون و بارودۆخیان جێی نیگەرانییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، خدر و کلارا ڕەسووڵی پاش دەستبەسەرکرانیان لە مەهاباد بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە گواستراونەتەوە.

کاناڵە میدیاییە پەیوەندیدارەکان بە ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕایانگەیاندووە کە بەم زوانە ڤیدیۆیەک لە دانپێدانانی زۆرەملێی خدر ڕەسووڵی بڵاو دەکەنەوە. ناوبراو لەو ڤیدیۆیەدا کە دوای ئەشکەنجەدرانی تۆمار کراوە بە پەیوەندیی خۆی لەگەڵ کوڕەکەی و نیشاندانی زانیاریی هەستیاری سەربازی بە ئیسرائیل ئاماژە دەکات.

خدر ڕەسووڵی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو تا ئێستا سەرجەم ۵ ساڵی لە بەندیخانەکانی ئێراندا تێپەڕ کردووە و پاش بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی هەڕەشەی لێ کرابوو و لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بانگ کرابوو.

شایەنی باسە کە، خدر ڕەسووڵی تا ئێستا دوو جار نەشتەرگەری دڵی بۆ کراوە و ڕاگرتنی لەو دۆخە و ئەشکەنجەکردنی، نیگەرانیی جددیی بنەماڵەکەی لەسەر بارودۆخی تەندروستیی ناوبراو لێکەوتۆتەوە.

خدر و کلارا ڕەسووڵی ڕۆژی پێنجشەممە ۱۹ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۱۰ی جولای ۲۰۲۵)، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە بەکارھێنانی توندوتیژییەوە لە ماڵەکەیان لە شاری مەهاباد دەستبەسەر کران.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە