سروە شیری دوای تەواوبوونی ماوەی سزاکەی لەبەندیخانەی ئورمیە ئازادکرا

١٢ گەلاوێژ ٢٧٢٥، ١٩:٣٥

هەنگاو؛ یەکشەممە ۱۲ی گەلاوێژی ٢٧٢۵

سروە شیری، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی شاری بۆکان پاش تێپەڕکردنی ماوەی حەوت مانگ بەندکران و بە کۆتاییهاتنی سزای بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ۱۱ی گەلاوێژی ۲۷۲۵ (۲ی ئاگۆستی ۲۰۲۵)، سروە شیری، تەمەن ٢۳ ساڵ و خەڵکی گوندی «تەرەغە»ی سەر بە شاری بۆکان دوای تێپەڕکردنی حەوت مانگ بەندکران لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی دووی بۆکان بە تۆمەتی "پڕوپاگەندەی دژ بە حکومەت و بە قازانجی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" سزای هەشت مانگ بەندکران بە هەژمارهێنانی ڕۆژانی پێشووی دەستبەسەربوونی و براکەی، پەیمان شیری بە هەمان تۆمەت سزای ٦ مانگ بەندکران بەسەردا سەپێندرابوو.

سروە شیری لە ڕێکەوتی ١٧ی بەفرانباری ٢٧٢٤ (٦ی جەنیوەریی ٢٠٢٥)، بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە و پەیمان شیری بۆ بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان گواسترابۆوە.

ئەو خوشک و برایە ڕۆژی چوارشەممە ٤ی ڕەزبەری ٢٧٢٤ (٢٥ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤)، لەگەڵ ئامۆزایەکیان بەناوی فەردین شیری بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران.

سروە و پەیمان شیری دواتر بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات گواسترانەوە و دوای ماوەیەک بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەیان ئازاد کران.

شایانی باسە کە، ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە