پووریا نەسیری، خوێندکاری خەڵکی مەهاباد سزای بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا

هەنگاو؛ یەکشەممە ۲ی خەرمانانی ۲۷۲۵
پووریا نەسیری، خوێندکاری کورد w خەڵکی شاری مەهاباد، لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، پووریا نەسیری، خوێندکاری قۆناغی کارناسیی زانکۆ ئازادی مەهاباد لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئەو شارە بە تۆمەتی «پڕۆپاگەندەی دژ بە حکومەت» سزای سێ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا. ئەو سزا بۆ ماوەی دوو ساڵ هەڵپەسێردراوە.
پووریا نەسیری ڕۆژی سێشەممە ۱۷ی پووشپەڕ (۸ی جولای) بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی مەهاباد ئازاد کرابوو.
ئەو خوێندکارە ڕۆژی پێنجشەممە ۲۹ی جۆزەردانی ۲۷۲۵ (۱۹ی ژۆئەنی ۲۰۲۵)، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری مەهاباد دەستبەسەر کرابوو.
ناوبراو هەروەها لە ڕێکەوتی ۸ی خەزەڵوەری ۲۷۲۳ (۳۰ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۳)، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە مەهاباد دەستبەسەر و پاش ماوەیەک ئازاد کرا.