ڕەتکردنەوەی داوای پێداچوونەوە بە سزای سێدارە؛ گیانی مێحراب عەبدوڵڵازادە، بەندکراوی سیاسیی کورد لە مەترسیدایە

٢ ڕەشەمە ٢٧٢٥، ١٣:٠٥

هەنگاو؛ شەممە ۲ی ڕەشەممەی ۲۷۲۵

داوای ئەوەی کە پێداچوونەوە بە سزای سێدارەی مێحراب عەبدوڵڵازادە، بەندکراوی سیاسیی کورد و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕەت کراوەتەوە، گیانی ئەو بەندکراوە ئێستا لە مەترسیدایە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا داوای پێداچوونەوە بە سزای سێدارەی مێحراب عەبدوڵڵازادە، گەنجی تەمەن ۲۷ ساڵی کورد و خەڵکی ئورمیە، لە لایەن لقی ۳۹ی دیوانی باڵای وڵاتەوە ڕەت کرایەوە و سەرەڕای تۆمارکردنی دووبارەی داوای پێداچوونەوە، فەرمانی ڕاگرتنی جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ناوبراو ڕانەگەیەندراوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە بەرەبەرەی دەستپێکی گرژییەکی دیکە لە ناوچەکە بە شەڕخوازیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سەبارەت بە ئەگەری جێبەجێکردنی سزای نامرۆڤانەی سێدارەی ئەو بەندکراوە سیاسییە کە لە ڕەوتێکی ناڕووندا سزای بەسەردا سەپێندراوە، هۆشداری دەدات.

سزای سێدارەی مێحراب عەبدوڵڵازادە پێشتر لە لایەن لقی ۹ی دیوانی باڵای وڵاتەوە بە تەواوی پشتڕاست کرایەوە. ئەو سزایە ڕۆژی پێنجشەممە ۲۷ی سەرماوەز بەشێوەی فەرمی بە مێحراب عەبدوڵڵازادە ڕاگەیەندرا و داوای لێ کرا کە «داوای لێبوردن» پێشکەش بکات.

مێحراب عەبدوڵڵازادە هاوینی ساڵی ڕابردوو، لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتیی دادوەر نەجەفزادە بە تۆمەتی "بەغی" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

هەنگاو پێشتر لە راپۆرتێکدا رایگەیاندبوو کە لە دۆسیەی مێحراب عەبدوڵڵازادەدا تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی بەسیج دراوەتە پاڵ ناوبراو و بە تۆمەتی "بەغی" لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئورمیەوە دادگایی کراوە.

شایەنی باسە کە، مێحراب عەبدوڵڵازادە پاییزی ۲۷۲۲ و لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە رفێندرابوو و بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی ئورمیە گواسترابۆوە. ناوبراو دوای چەند مانگ ئەشکەنجە و لێپرسینەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گواسترایەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە