بۆکان؛ محەممەد فەرەجی و ڕەئووف شێخ‌مەعرووفی لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی سزای سێدارەیان بەسەردا سەپا

٥ ڕەشەمە ٢٧٢٥، ٢٣:١٧

هەنگاو؛ سێشەممە ٥ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥

محەممەد فەرەجی و ڕەئووف شێخ‌مەعرووفی، دوو بەندکراوی سیاسیی کورد و دەستبەسەر لە بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، دوای سێ ساڵ بەندکران و ناڕوونیی دۆسیەکانیان، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی "دژایەتی خودا" و "افساد فی الارض" سزای سێدارەیان بەسەردا سەپا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕەئووف شێخ‌مەعرووفی تەمەن ٢٤ ساڵ و محەممەد فەرەجی تەمەن ٢٣ ساڵ کە هەردووکیان خەڵکی بۆکانن و لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارەدا بەند کراون، لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مەهابادەوە بە تۆمەتگەلێکی وەک "محارەبە" و "فساد فی‌الارض" سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە.

دانیشتنی پێڕاگەییشتن بە تۆمەتەکانی ئەم دوو هاووڵاتییە پاییزی ئەمساڵ و بە جیا ئەنجام دراوە و سزاکانیان ڕۆژی سێشەممە ٥ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥ لە بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان بە فەرمی پێیان ڕاگەیەندراوە.

ڕەئووف شێخ‌مەعرووفی ئێوارەی دووشەممە ٥ی بەفرانباری ٢٧٢٢ (٢٦ی دیسەمبەری ٢٠٢٢) و محەممەد فەرەجی ڕۆژی سێشەممە ٢ی ڕەشەممەی ٢٧٢٣ (٢١ی فێبریوەریی ٢٠٢٣) بە پەنابردنە بەر توندوتیژیی زۆر لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعات لە بۆکان دەستبەسەر کران و بۆ دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە ئەمنییە گواسترابوونەوە.

ئەم کەسانە ڕۆژی هەینی ٢٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٤ (١٠ی ژوئەنی ٢٠٢٣) دوای چەند مانگ لێپرسینەوە و ئەشکەنجە، لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتڵاعاتی ئورمیەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان گواسترانەوە و بە نادیاری لەو بەندیخانەیەدا ڕاگیرابوون.

شایانی باسە کە محەممەد فەرەجی ڕۆژی شەممە ٢٤ی بەفرانباری ٢٧٢٣ دەستبەسەر کرا و لە ڕێکەوتی ٢ی ڕەشەممەدا، لە کاتێکدا تەنیا هەفتەیەک بەسەر ئازادکردنی کاتییدا تێپەڕ بوو، جارێکی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرایەوە. هەنگاو پێشتر لەمبارەیەوە نووسیبووی: "هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتی ئورمیە، لە ڕۆڵی کڕیاری ئاساییدا پەیوەندییان بە محەممەد فەرەجییەوە کردووە و وەک میکانیکی ئۆتۆمبێل داوایان لێ کردووە بۆ چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلێک بچێتە شوێنێکی دیاریکراو و ئەم هاووڵاتییە دەستبەجێ دوای ئامادەبوونی لەو ناونیشانەدا، لەلایەن ئەو هێزانەوە ڕفێندراوە."

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم دوو هاووڵاتییە لە ماوەی لێپرسینەوەیاندا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتڵاعاتی ئورمیە، بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، لەلایەن کارمەندانەوە تووشی سەختترین ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی بوونەتەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە