بۆکان؛ موحسین ئیسلامخاە، تەمەن ١٩ ساڵ و لە ناڕازییانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا
هەنگاو، دووشەممە ١٦ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦
موحسین ئیسلامخاە، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی بۆکان و یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا. ناوبراو کاتێک ناوەندە حکومەتییەکان هەوڵی دەستبەسەرکردنیان داوە، منداڵ و تەنیا ١٦ ساڵی تەمەن بووە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، موحسین ئیسلامخاە، تەمەن ١٩ ساڵ و خەڵکی بۆکان لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مەهابادەوە بە تۆمەتی «موحارەبە» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا. پێشتر دوو کەسی دیکە لە هاودۆسیەکانی ئەم گەنجە بە ناوەکانی محەممەد فەرەجی و ڕەئووف شێخمەعرووفی لەلایەن هەمان دادگاوە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرابوو.
موحسین ئیسلامخاە کە بەهۆی گوشاری ناوەندە حکومەتییەکان، ئێرانی جێهێشتبوو و پەنابەری هەرێمی کوردستان ببوو، لە جۆزەردانی ٢٧٢٥دا گەڕایەوە بۆ بۆکان. ناوبراو لە ١١ی هەمان مانگدا دەستبەسەر کرا و لە کۆتاییدا بۆ بەندیخانە گواسترایەوە و دوای ١١ ڕۆژ بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
ئەم هاووڵاتییە لە ڕۆژانی دەستبەسەریدا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ سەبارەت بە کوشتنی ئەندامێکی بەسیج خرابووە ژێر گوشارەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەیەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند: "موحسین ئیسلامخاە ڕۆژی دووشەممە ٤ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ (٢٣ی فێبریوەری ٢٠٢٦) دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان گواسترایەوە و لەوێ سزای لەسێدارەدانەکەی کە ٢٨ی ڕێبەندان بۆی دەرچوو بوو، پێ ڕاگەیەندرا".
موحسین ئیسلامخاە لە کاتی بەشداری لە خۆپیشاندانەکانی ژن، ژیان، ئازادی لە بۆکان تەنیا ١٦ ساڵ تەمەنی هەبووە و دۆسیەکەی نموونەی بەرچاوی منداڵ-تاوانبارە. بەپێی کۆنڤانسیۆنی مافەکانی منداڵ، هەر تاکێکی خوار ١٨ ساڵ بە منداڵ دادەنرێت و لەسێدارەدان یان بەندکردنی هەتاهەتایی بێ دەرفەتی ئازادکردن بۆیان قەدەغەیە.