دەماوەند؛ ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکران، بانگکردن و دەست داگرتن بەسەر مۆبایلی هاوولاتییانی کورد لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعات

هەنگاو؛ چوارشەممە ٥ی خەرمانانی ٢٧٢٥
فەرزاد ڕوستەمی، هاووڵاتیی کورد و دانیشتووی دەماوەند لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر کرا و لانی کەم دە هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی فەرزین ڕۆستەمی و بێهزاد ڕۆستەمی، براکانی فەرزاد ڕۆستەمی و شاپور حەبیبی، جەلال محەممەدی، مەهدی قاسمی، سەیوان قاسمی، لوقمان قاسمی، جمیل سفیدی، فەرشاد موڵکی دۆخت و ئیقباڵ مورادی زەر بانگکراون و دەست بە سەر مۆبایلەکانیاندا گیراوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئیدارەی ئیتلاعاتی دەماوەند لە پارێزگای تاران، دەستی بە سەر تەلەفونی شەخسی یازدە هاووڵاتیی کورد و خەڵکی سنە داگرتووە و سەرەڕای دەستبەسەرکرانی یەک کەس لەوان بە ناوی فەرزاد ڕۆستەمی، دە کەسەکەی دیکە لە ماوەی چەن ڕۆژی ڕابردوو بە شێوەی نۆبەیی بانگکراون و لێپرسینەوەیان لێکراوە.
لەم نیوانەدا فەرزین ڕۆستەمی، برای فەرزاد ڕۆستەمی و بێهزاد ڕۆستەمی، پێش لەمەش بە هۆی چالاکییەکانیان لە لایەن ناوەندەکانی ئەمنیی و دادوەریی لە ژێر چاوەدێری و گرتندان.
بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک بە بنەماڵەی ئەم کەسانە، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری دەماوەند سەرەڕای دەستپێڕاگەیشتن بە موبایلەکانی ئەم هاووڵاتییانە، ناوبراوانیان لە ڕۆژەکانی ڕابردوو بانگ کردووە و لێپرسینەوەیان لێکراوە.
فەرزاد ڕۆستەمی ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی گەلاوێژی ٢٧٢٥ (١٧ی ئاگۆستی ٢٠٢٥)، دەستبەسەر کرا و هاوکات دەست بە سەر تەلەفونی شەخسی دە هاووڵاتیی دیکە لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە گیراوە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، لە هۆکارەکانی دەستبەسەر کران و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ئەم هاووڵاتییانە زانیارییەکی ورد لە بەر دەستدا نییە.