ئیلام؛ بانگکرانی دووبارەی ئیقباڵ ئەمینی، لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی بۆ دادگا

٢٥ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ١٣:٤٨

هەنگاو؛ سێشەممە ٢٥ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

ئیقباڵ ئەمینی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی ئیلام کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" و هەروەها جارێکی دیکەش خاکەلێوەی ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، دیسان لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بانگ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دوایییانەدا ئیقباڵ ئەمینی، خەڵکی ئیلام لەلایەن خانەی دادی گشتی و شۆڕشی ئەو شارەوە بانگ کراوە. بەپێی ئەو ڕاگەیەندراوەی خانەی دادی گشتی و شۆڕشی ئیلام، ئێقباڵ ئەمینی دەبێت بەهۆی تۆمەتی "چالاکی تەبلیغی دژ بە حکومەت" و "سووکایەتیکردن بە خومەینی" لە لقی چواری شوێنی کۆبوونەوەی دادوەریدا ئامادە بێت.

شایەنی باسە کە، ئیقباڵ ئەمینی، ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ (١٥ی ئەپریلی ٢٠٢٤) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و دوای ٨ ڕۆژ بەشێوەی کاتی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.

بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، دەستبەسەرکرانی ناوبراو لەم دوایییانەدا بە بەکارهێنانی توندوتیژی و لەبەر چاوی بنەماڵەکەی واتە هاوژینە دووگیانەکەی و منداڵە شەش ساڵانەکەی و لەگەڵ پشکنینی ماڵەکەیدا ڕووی داوە.

ئیقباڵ ئەمینی لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" بە تۆمەتی "لیدێری خۆپیشاندانەکانی ئیلام" و "دیوار نووسی"، ڕۆژی هەینی ٢٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە دەستبەسەر کرا و چوارشەممە ٢٣ی سەرماوەزی ئەو ساڵە، بەشێوەی مەرجدار لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام ئازاد کرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە