دەستبەسەرکردنی محەممەد ئیبراهیمکیا و ئەرکان ئەحمەدی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە لە شارەکانی شنۆ و مەریوان
هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٢ی خەرمانانی ٢٧٢٦
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی محەممەد ئیبراهیمکیا خەڵکی شنۆ و ئەrکان ئەحمەدی خەڵکی مەریوان، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەرکران و بۆ شوێنی نادیار گواستراونەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ١١ی خەرمانانی ٢٧٢٦ (٢ی سێپتەمبەری ٢٠٢٦)، محەممەد ئیبراهیمکیا لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتەوە لە شنۆ دەستبەسەرکرا.
لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی سێشەممە ١٠ی خەرمانان (١ی سپتەمبەری)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعات بە هەڵکوتانە سەر ماڵی بنەماڵەیی ئەرکان ئەحمەدی لە مەریوان دەستبەسەریان کردووە. ناوبراو خەڵکی گوندی هەنگەژاڵ و دانیشتووی مەریوانە.
بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، دەستبەسەرکردنی ئەم دوو هاووڵاتییە بە بەکارهێنانی توندوتیژی و بەبێ پیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری ئەنجام دراوە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن، تۆمەتە پاڵدراوەکان، دۆخی تەندروستی و شوێنی ڕاگرتنی ئەم دوو هاووڵاتییە لە بەر دەستدا نییە و بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان لەم پەیوەندییەدا بێئاکام ماوەتەوە.