ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی میلاد خۆرشیدی، مامۆستای قوتابخانە لە شاری مەریوان
هەنگاو؛ هەینی ۱۳ی خەرمانانی ۲۷۲۶
میلاد خۆرشیدی، هاووڵاتیی کورد، دانیشتووی شاری مەریوان و مامۆستای قۆناغی سەرەتایی لە نزیکەی یەک مانگ پێشترەوە لە لایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و تا ئێستا زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، میلاد خۆرشیدی، مامۆستای قوتابخانە، تەمەن ۳۲ ساڵ و خێزاندار، خەڵکی گوندی "بەهرام ئاباد" سەر بە شاری سەوڵاوا و دانیشتووی مەریوان، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکەی لە شاری مەریوان دەستبەسەر کرا و بۆ دەستبەسەرگەی وەزارەتی ئیتلاعاتی سنە گواسترایەوە.
شایەنی باسە کە، هێزە حکوومەتییەکان لە کاتی دەستبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییە ماڵەکەیان پشکنیوە. هەروەها ئەو هاووڵاتییە دوای دەستبەسەرکران بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر گوشار داندراوە.
سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیکەی یەک مانگ لە کاتی دەستبەسەرکرانی میلاد خۆرشیدی، بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە بە مەبەستی ئاگاداربوونەوە لە بارودۆخی ناوبراو بێ ئاکام ماونەتەوە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە و چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.