شنۆ؛ ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکران و ئازادیی کاتیی سەلیم ڕۆشندڵ و ڕەحیم ڕۆشندڵ

هەنگاو؛ یەکشەممە ۲۳ی خەرمانانی ۲۷۲۵
دوو برای کورد و خەڵکی شاری شنۆ بەناوەکانی سەلیم ڕۆشندڵ و ڕەحیم ڕۆشندڵ کە سەرەتای ئەم مانگە دەستبەسەر کرابوون، بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەیان لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ئازاد کران.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ۲۰ی خەرمانانی ۲۷۲۵ (۱۱ی سێپتەمبەری ۲۰۲۵)، سەلیم ڕۆشندڵ، خەڵکی گوندی «نەرزێوە»ی سەر بە شاری شنۆ و ڕەحیم ڕۆشندڵ، دانیشتووی شاری شنۆ دوای ۲۰ ڕۆژ دەستبەسەربوون بەدانانی بارمتەی ۵۰۰ ملیۆن تمەنی لە بەندیخانەی ئەو شارە ئازاد کران.
بنەماڵەی ئەو دوو برا، لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی گوشار و هەڕەشەی ناوەندە ئەمنییەکان هەواڵی دەستبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییانەیان میدیایی نەکردووەتەوە.
سەلیم و ڕەحیم ڕۆشندڵ ڕۆژی شەممە ۱ی خەرمانانی ۲۷۲۵ (۲۵ی ئاگۆستی ۲۰۲۵)، بە بەکارھێنانی توندوتیژی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆیاندا دەستبەسەر کرابوون.
ئەو برایانە لە ماوەی دەستبەسەربوونیاندا لە سەرەکیترین مافەکانیان وەکوو مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش بوون.