بۆکان؛ پەخشان نەبیزادە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا

٢٠ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ١١:٣٠

هەنگاو؛ شەممە ٢٠ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

پەخشان نەبیزادە، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری بۆکان، دوای دوو حەفتە دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە دەستبەسەرگە ئازاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (٨ی ئاگۆستی ٢٠٢٤)، پەخشان نەبیزادە بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان ئازاد کرا.

پەخشان نەبیزادە، ڕۆژی هەینی ٥ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (٢٦ی جولای ٢٠٢٤)، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە ماڵەی خۆی لە شاری بۆکان دەستبەسەر کرا و بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگەکانی ئەو ناوەندە ئەمنییە گواسترایەوە.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە