مەریوان؛ جەسیم حاسڵی بە شێوەیەکی کاتی لە بەندیخانە ئازاد کرا

٣ خەزەڵوەر ٢٧٢٤، ٢١:٥١

هەنگاو؛ پێنجشەممە، ٣ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤

جەسیم حاسڵی، وەرزشوانی ڕەزمی خەڵکی سەوڵاوا، بە دانانی بارمتە بە شێوەیەکی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی مەریوان ئازاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤ (٢٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤)، جەسیم حاسڵی، تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی گوندی "کەڕاوا"ی سەوڵاوا، دوای تێپەڕینی نزیکەی ٣ مانگ دەستبەسەری، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە بەندیخانە ئازاد کرا.

جێگای ئاماژەیە کە، جەسیم حاسڵی لە کاتی دەستبەسەرکرانی لە مافە سەرەتاییەکان وەکوو چاوپێکەوتنی ڕووبەڕوو، پەیوەندیی تەلەفۆنی و هەروەها دەستڕاگەیشتنی بە پارێزەر بێبەش کرابوو.

ناوبراو لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ، واتە نزیکەی مانگێک پێش دەستگیرکرانی لەلایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە بانگکرا و لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا.

جەسیم حاسڵی قاڕەمانی کیک بۆکسینگ و موتای لەسەر ئاستی ئێران بووە و پێشینەی بەشداریکردن لە کێبڕکێ نێودەوڵەتییەکاندا هەیە.

ئەم وەرزشوانە لاوە، سەرەتای مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ لەلایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە لە شاری سنە گواسترابوویەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە