دەیەمین ڕۆژ لە مانگرتنی تەیموور خالیدیان، بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی مەلایێر

٩ ڕەزبەر ٢٧٢٥، ١٤:٣٤

 

هەنگاو؛ چوارشەممە ۹ی ڕەزبەری ۲۷۲۵

تەیموور خالیدیان، هاووڵاتیی کورد و لە چالاکانی مەدەنیی خەڵکی شاری قوروە لە دە ڕۆژ پێشەوە، دوای دەستبەسەرکرانی بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکرانەکەی، بەهۆی گواستنەوەی زۆرەملێی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی مەلایێر و ڕەوتی دادگاییکردنی دۆسیەکەی، مانی لە خواردن گرتووە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، تەیموور خالیدیان، بەندکراوی مەحکووم بە شەش مانگ بەندکران، لە ڕۆژی یەکشەممە ۳۰ی خەرمانانی ۲۷۲۵ (۲۱ی سێپتەمبەری ۲۰۲۵) دوای دەستبەسەرکرانی بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی، بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ڕەوتی نایاسایی ڕاگەیشتن بە دۆسیەکەی و گواستنەوەی زۆرەملێی بۆ بەندیخانەی مەلایێر مانی لە خواردن گرتووە.

سەرچاوەیەکی ئاگاداری هەنگاو جەختی کردۆتەوە کە، ئەو بەندکراوە تەمەن ۳۶ ساڵە، دوای گواستنەوەی بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی قوروە، بە شێوەی نایاسایی بۆ بەندیخانەی مەلایێر گواستراوەتەوە. تەیموور خالیدیان لە سەرەتای گواستنەوەی بۆ ئەو بەندیخانەیە بەنیشانەی ناڕەزایەتی سەبارەت بە ڕەوتی نایاسایی ڕاگەیشتن بە دۆسیەکەی و هەروەها گواستنەوەی زۆرەملێی بۆ بەندیخانەی مەلایێر مانی لە خواردن گرتووە.

تەیموور خالیدیان، هاووڵاتیی خەڵکی قوروە و دانیشتووی مەلایێر ڕۆژی یەکشەممە ۳۰ی خەرمانانی ۲۷۲۵ (۲۱ی سێپتەمبەری ۲۰۲۵)، دوای بەڕێوەچوونی دادگاکەی لە شاری سریش ئاباد بە تۆمەتی «پڕۆپاگەندەی دژ بە کۆماری ئیسلامی» سزای شەش مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا و هەمان ڕۆژ بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی قوروە گواسترایەوە.

شایەنی باسە کە، تەیموور خالیدیان لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ۲۷۱۷ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و ۲۰ ڕۆژ دواتر بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی ئازاد کرابوو. ناوبراو لەئاکامدا لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی مەلایێر بە سەرۆکایەتیی دادوەر بێهنام ڕەزاوەندی سزای ۲۰ مانگ بەندکران و ۳ مانگ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپێندرابوو.

ئەو چالاکە مەدەنییە پێشتر لە ماوەی ساڵەکانی ۲۷۱۵ و ۲۷۱۶ بەهۆی ناردنی هەواڵی بەندیخانەی مەلایێر بۆ میدیا مافی مرۆڤییەکان دەستبەسەر کرابوو.

شایەنی باسە کە، ئەو چالاکە مەدەنییە پێشتر ئەشکەنجەکردن و دەستدرێژیی سێکسی لە کەلانتەری ۱۲ی پاسدارانی مەلایێر ئاشکرا کردبوو و ڕایگەیاندبوو کە هێزەکان بە فەرمانی «خراپتر لە کەهریزەک» بەکۆمەڵ لە ناوبراویان داوە و بە باتوم ئازاریان داوە، کە بووەتە هۆی خەساری جددیی جەستەیی و دەروونی بۆ ئەو چالاکە مەدەنییە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە