تاران؛ دەستبەسەرکرانی گزینگ قازی، نووسەر و چالاکی مەدەنیی کورد

٢٢ ڕەزبەر ٢٧٢٥، ١٠:٠٠
هەنگاو؛ سێشەممە ۲۲ی ڕەزبەری ۲۷۲۵
گزینگ قازی، نووسەر و چالاکی مەدەنیی کورد و خەڵکی شاری مەھاباد و دانیشتووی تاران، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ۱۷ی ڕەزبەری ۲۷۲۵ (۹ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۵)، گزینگ قازی، هاووڵاتیی کوردی دانیشتووی تاران لە ماڵەکەی خۆی دەستبەسەر کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، گزینگ قازی لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا تەنیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی کورتماوەی هەبووە و لەو پەیوەندییەدا هەواڵی دەستبەسەرکرانی خۆی لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە ڕاگەیاندووە.
هێزە ئەمنییەکان دوای دەستبەسەرکردنی گزینگ قازی، دەستیان بەسەر مۆبایل و هەندێک لە کەرەستە ئەلیکترۆنییەکانی ئەو چالاکە مەدەنییە کوردەدا گرتووە.
سەرچاوە: Hengaw