دەماوەند؛ سەجاد حائێری، نووسەر و مامۆستای زمانی کوردی سزای بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا

هەنگاو؛ چوارشەممە ۹ی ڕەزبەری ۲۷۲۵
سەجاد حائێری، نووسەر و مامۆستای زمانی کوردی و برای ئەحمەدڕەزا حائێری، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی ئیلام، لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای دوو ساڵ و شەش مانگ بەندکران و هەندێک سزای دیکەی بەسەردا سەپێندرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەجاد حائێری، نووسەر، دەرهێنەر و مامۆستای زمانی کوردی خەڵکی ئیلام، لە لایەن دادگای شۆڕشی شاری دەماوەند سەر بە پارێزگای مازەندەران بە تۆمەتی «پڕۆپاگەندەی دژ بە کۆماری ئیسلامی» و «تێکدانی بیروڕای گشتی لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی ناڕاستییەکان» سەرجەم سزای دوو ساڵ و شەش مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
ئەو بەندکراوە سیاسییە هەروەها سزای دوو ساڵ قەدەغەی ئەندامێتی لە حیزب، گرووپ و دەستەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و قەدەغەی چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بەسەردا سەپێندراوە.
سەجاد حائێری ڕۆژی ۲۱ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۱۲ی جولای ۲۰۲۵)، لە لایەن هێزە ئەمنییە پەیوەندیدارەکان بە ڕێکخراوی سوپای پاسدارانەوە لە ماڵەکەی خۆی لە دەماوەند دەستبەسەر کرابوو و لە ئاکامدا ڕۆژی ۳۰ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ بە دانانی بارمتەی پێنسەد ملیۆن تمەنی بەشێوەی کاتی ئازاد کرابوو.
سەرەڕای ئەوانە، ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە ۱۲ی گەلاوێژی ۲۷۲۵ (۳ی ئاگۆستی ۲۰۲۵)، بۆ جاری دووهەم بانگ کرابووە ناوەندی دادوەری و تۆمەتی نوێی «تێکدانی بیروڕای گشتی لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی ناڕاستییەکان»ی درابووە پاڵ و بەدانانی بارمتەی قورسی یەک ملیار تمەنی بەشێوەی کاتی ئازاد کرا.
شایەنی باسە کە لە ڕەوتی دەستبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییە هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ناوبراو و دەستیان بەسەر مۆبایل، لەپتاپ و زیاتر لە سەد کتێبی پەیوەندیدار بە زمانی کوردییەوە گرتبوو.