هەرسین؛ دەستبەسەرکرانی جەهانگیر ڕۆستەمی لە ئەندامانی ئەنجومەنی پیشەیی فەرهەنگیان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

هەنگاو؛ شەممە ۲۶ی ڕەزبەری ۲۷۲۵
جەهانگیر ڕۆستەمی، هاووڵاتیی کورد و لە ئەندامانی ئەنجومەنی پیشەیی فەرهەنگیانی هەرسین سەر بە پارێزگای کرماشان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو شارە دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ئێڤین گواسترایەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ۲۵ی ڕەزبەری ۲۷۲۵ (۱۷ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۵)، جەهانگیر ڕۆستەمی، مامۆستای خانەنشینی تەمەن ۶۳ ساڵ و لە ئەندامانی ئەنجومەنی پیشەیی فەرهەنگیانی هەرسین، لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنییەکان، لە ماڵەکەی خۆیدا لەو شارە بە بەکارھێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ئێڤین گواسترایەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی ڕۆستەمی، ئەمڕۆ بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە دوای سەردانیان بۆ خانەی دادی کرماشان ئاگادار کراونەتەوە کە ناوبراو دوای دەستبەسەرکردنی بۆ بەندیخانەی ئێڤین گواستراوەتەوە.
جەهانگیر ڕۆستەمی، باوکی ئێحسان ڕۆستەمی، چالاکی کولتوریی خەڵکی هەرسینە کە لە ڕێکەوتی ۲۹ی گەلاوێژی ئەمساڵ، لە لایەن هێزە ئەمنییەکان لە تاران دەستبەسەر کرابوو.
شایەنی باسە کە ئێحسان ڕۆستەمی لە کاتی دەستبەسەرکرانییەوە تا ئێستا بە فەرمانی ناسر جەلایەر سەرتەقی، لێپرسی لقی پێنجی خانەی دادی ئێڤین، لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە. ناوبراو لە ڕۆژی چوارشەممە ۱۰ی ڕەزبەرەوە بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە بارودۆخی ناڕوونی دۆسیەکەی و گوشاری لێپرسەکان، مانی لە خواردن گرتووە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە و چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.