ڕاپۆرتێک سەبارەت بە دەستبەسەرکران و ئازادکردنی چوار مامۆستا لە شارەکانی ئەراک، نەیشابوور، ئاودانان و شاباد

٤ ڕەشەمە ٢٧٢٥، ١٨:٢٩

هەنگاو؛ دووشەممە ٤ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥

لانی کەم چوار مامۆستا لەوانە دوو مامۆستای کورد بە ناوەکانی سیاوەش حوسێنی، یەعقووب محەممەدی، عیزەتوڵڵا سادقی و عەزیز ئیسماعیلی، لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە شارەکانی نەیشابوور، ئاودانان، ئەراک و شاباد ی سەر بە پارێزگای کرماشان، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دەستبەسەر کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٣ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥ (٢٢ی فێبریوەریی ٢٠٢٦)، عەزیز ئیسماعیلی، لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی پیشەییی مامۆستایانی کرماشان، لە ئەنجامی هێرشی هێزە حکومەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی لە شاباد دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

هێزە حکومەتییەکان لە کاتی دەستبەسەرکردنی عەزیز ئیسماعیلیدا، مۆبایلی ئەندامانی بنەماڵەی ئەم مامۆستایەیان زەوت کردووە.

بە نووسینی ئەنجومەنی هەماهەنگیی ڕێکخراوە پیشەیییەکانی فەرهەنگییان، تووشبوونی ئەم هاووڵاتییە بە نەخۆشیی درێژخایەن و پێویستیی بە چاودێریی بەردەوامی پزیشکی، بووەتە هۆی زیادبوونی نیگەرانییەکان سەبارەت بە چارەنووسی لە کاتی دەستبەسەرکرانیدا.

لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی شەممە ٢ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥ (٢١ی فێبریوەریی ٢٠٢٦)، یەعقووب محەممەدی، مامۆستای کورد و خەڵکی ئاودانان و بەندکراوی سیاسیی پێشوو، بە پەنابردنە بەر توندوتیژی و لێدان دەستبەسەر کرا.

ژمارەیەک لە هاووڵاتییان لە ئاودانان بۆ ڕێگری لە گواستنەوەی ئەم بەندکراوە سیاسییە پێشووە، لەبەردەم بنکەی پۆلیس کۆبوونەوە. ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە ئازاد کرا.

هەروەها، سیاوەش حوسێنی، مامۆستای تەمەن ٢٣ ساڵ، ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٧ی ژانویەی ٢٠٢٦)، لە کانگای فیروزەی نەیشابوور دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی سەبزەوار گواستراوەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی یەکشەممە ٣ی ڕەشەممە، عیزەتوڵڵا سادقی، مامۆستای خانەنشینکراوی دەستبەسەرکراوی خەڵکی ئەراک و سەرۆکی کانوونی خانەنشینانی پارێزگای مەرکەزی، دوای ٣٨ ڕۆژ دەستبەسەرکران لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ئازاد کرا. ناوبراو ڕۆژی هەینی ٢٦ی بەفرانبار لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو.

تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ئەم چوار مامۆستایە لەبەر دەستدا نییە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە