ڕاپۆرتی هەنگاو لە دەستبەسەرکرانی سەباح وەلەدبەیگی و نەوزاد وەلەدبەیگی لەلایان هێزە حکومەتییەکانەوە لە پاوە
هەنگاو؛ یەکشەممە ٢١ی پووشپەڕی ٢٧٢٦
لە درێژەی شەپۆلی بەرفراوانی دەستبەسەرکران و سەرکوتی چالاکانی مەدەنی لە کوردستاندا، سەباح وەلەدبەیگی، مامۆستای خانەنشین، چالاکی ژینگە و بەرپرسی گرووپی شاخەوانیی "نوور"ی پاوە و براکەی به ناوی نەوزاد وەلەدبەیگی، لەلایان هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران و بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنیی لە کرماشان گواستراونەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی دووشەممە ١٠ی پووشپەڕی ٢٧٢٦ (١ی جولای ٢٠٢٦) هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە بڕیارێکی دادوەری هێرشیان کردە سەر ماڵی بنەماڵەی سەباح وەلەدبەیگی لە گوندی «نۆریاو» سەر بە شاری پاوە لە پارێزگای کرماشان و دەستبەسەریان کرد.
بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، سەباح وەلەدبەیگی ڕۆژێک دوای دەستبەسەرکران، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی کورت لەگەڵ بنەماڵەکەیدا، بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند کە بۆ لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکان لە شاری کرماشان گواستراوەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، سەرەڕای تێپەڕبوونی ١١ ڕۆژ بەسەر کاتی دەستگیرکرانەکەیدا، لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری سەربەخۆ و چاوپێکەوتنی ڕووبەڕوو بێبەش کراوە و بەرپرسان لە دانی وەڵامی ڕوون بە بنەماڵەکەی خۆیان دەبوێرن.
لە لایەکی دیکەوە و لە ڕۆژانی ڕابردوودا، نەوزاد وەلەدبەیگی لەلایان هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە و چارەنووسی نادیارە.