ڕووماڵی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار؛ دەستبەسەرکرانی نۆ هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی لۆماری سیروان، سنە، کرماشان، مەریوان و ئورمیە
هەنگاو؛ شەممە ٢٧ی بەفرانباری ٢٧٢٥
نۆ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی عەلی دڵفەروز، ئیرەج ڕەحیمزادە، محەممەد جاودان، حوسێن مورادی، جەلیل مورادی، کیا مورادی، عەبدووڵا ڕەزایی، نەوید عەبدووڵاهی و ئەشکان کەلەکی، لە شارەکانی لۆمار، سنە، کرماشان، مەریوان و ئورمیە، لە لایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (١٤ی جەنیوەریی ٢٠٢٦)، عەلی دڵفەروز، ٣٧ ساڵە و خەڵکی شاری ئەیوان سەر بە پارێزگای ئیلام، بە هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەی، بە بەکار هێنانی توندووتیژی دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەستبەسەرکرانیدا، دەستیان کردووە بە گەڕان بە ناو ماڵی ئەم هاووڵاتییە کوردە و دەستیان گرتە بە سەر ڕێژەیەک لە کەرەستە شەخسییەکانی ناوبراو وەک مۆبایل و لەپ تاپەکەی.
هاوکات هەر لەم ڕۆژەدا، ئیرەج ڕەحیمزادە، چالاکی مەدەنی و بەندکراویی سیاسیی پێشوو و خەڵکی مەریوان، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
لە لایەکی دیکەوە ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی بەفرانباری ٢٧٢٥، سێ هاووڵاتیی بە ناوەکانی محەممەد جاودان بلۆگەری ناسیاوی کورد لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە «دووپشکی ڕەش»، حوسێن مورادی و جەلیل مورادی، هەرسێکیان خەڵکی لۆمار سەر بە سیروان لە پارێزگای ئیلام، لە لایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە لەم شارە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە. محەممەد جاودان پێشتریش لە ئەنجامی بزووتنەوەی “ژن ژیان ئازادیی” دەستبەسەرکرابوو.
هەرەرها ڕۆژی دووشەممە ٢١ی بەفرانباری ٢٧٢٥، کیا مورادی، هاووڵاتیی ١٨ ساڵە، خەڵکی سنە و خوشکەزای پەیمان مینبەری، لە گیانبەختکراوانی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادیی”، لە لایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە لەم شارە دەستبەسەر و هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووسی ناوبراو لە بەر دەستدا نییە.
هەر لەم ڕووەوە ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانبار، عەبدووڵا ڕەزایی، چالاکی سەندیکای مامۆستایان لە کرماشان و ئەندامی ئەنجومەنی هاوئاهەنگی سەندیکای مامۆستایانی ئێران، لە لایەن هيزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکرانەکانی ئەم دواییانەدا، ڕۆژی شەممە ٥ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٢٦ی دیسەمبەری ٢٠٢٥)، نەوید عەبدووڵاهی، خەڵکی گوندی «کانی دینار» سەر بە شاری مەریوان، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات بۆ ماڵەکەی دەستبەسەرکراوە و بە تێپەڕینی ٢٢ ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانەکەیەوە هێشتا هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی لە بەر دەستدا نییە. نەوید عەبدووڵاهی پێشتریش لە ئەنجامی ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانی خەزەڵوەری ٢٧١٩ دەستبەسەرکرابوو.
هەروەها لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، هاووڵاتییەک بە ناوی ئەشکان کەلەکی، ٣٣ ساڵە، خەڵکی گوندی “جلقەران” سەر بە شاری ئورمیە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
ئەم هاووڵاتییانە پاش دەستبەسەرکران بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەتەوە و هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لە چارەنووسیان لە بەر دەستدا نییە.