ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر دەستبەسەرکرانی یازدە هاووڵاتیی کوردی دیکە لە شارە جیاوازەکان

١٢ ڕێبەندان ٢٧٢٥، ١٦:٥٦

 

هەنگاو؛ یەکشەممە ۱۲ی ڕێبەندانی ۲۷۲۵

یازدە هاووڵاتی بەناوەکانی یاسین فەتحی، عەباس کەیهانی، نیما ڕازیانی، بەهمەن ڕەسووڵیان، بێهزاد قەوامی، فەریبۆرز سادقی، محەممەدڕەزا نوسرەتی، مەنسوور عەزیزی، ئەحمەد شێخی، ئومید ئەمانی و مەسعوود بابایی لە شارەکانی دێولان، کرماشان، شنۆ، سنە، ئیلام، دێلوڕان، کەنگەڤەر، بیجاڕ، شیروان و بجنۆرد لەم دواییانەدا لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون. لەنێوان ئەو هاووڵاتییانەدا، مەترسیی سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر مەسعوود بابایی، هاووڵاتیی خەڵکی شیروان لە ئارادایە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکرانەکاندا، لانی کەم ۱۱ هاووڵاتی لە ۱۱ شاری جیاواز دەستبەسەر کراون کە ناوەکانیان بەپێی شاری شوێنی دەستبەسەرکرانیان جیا کراوەتەوە و لە درێژەی ئەم ڕاپۆرتەدا دەبیندرێت؛

 

پارێزگای کرماشان

ڕۆژی پێنجشەممە ۹ی ڕێبەندان، نیما ڕازیانی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گەڕەکی مەسکەنی کرماشان و لە بریندارانی ناڕەزاییەکانی مانگی بەفرانبار، لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شارۆچکەی پەردیس دەستبەسەر کرا. ناوبراو لە کۆبوونەوە ناڕەزاییەکانی ئێوارەی پێنجشەممە ۱۸ی بەفرانبار، لە ئەنجامی تەقەی چەکی ساچمەیی هێزە حکومەتییەکان بینایی چاوێکی خۆی لە دەست دابوو.

ڕۆژی ۱۹ی بەفرانبار، مەنسوور عەزیزی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری کەنگەڤەر لە لایەن هێزەکانی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا و تا ئێستا زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە. ناوبراو سەرپەرشتی دایک و باوکی بەساڵاچوو و چوار برا خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکانی خۆی لە ئەستۆیە.

 

کامێران، سنە، بیجاڕ، دێولان

ئومید ئەمانی، هاووڵاتیی کوردی تەمەن ۳۰ ساڵ و خەڵکی پیرمۆغار سەر بە شاری کامێران، ڕۆژی چوارشەممە ۸ی ڕێبەندانی ۲۷۲۵، لە گەڕەکی کەن لە شاری تاران دەستبەسەر کراوە و زانیارییەک لەسەر چارەنووس و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.

ڕۆژی یەکشەممە ۲۱ی بەفرانباری ۲۷۲۵، بێهزاد قەوامی، مامۆستای کورد و خەڵکی شاری سنە، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و تا ئێستا زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.

ڕۆژی هەینی ۱۹ی بەفرانبار، محەممەدڕەزا نوسرەتی، هاووڵاتیی تەمەن ۳۵ ساڵی کورد و خەڵکی شاری بیجاڕ لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

کۆتاییەکانی مانگی بەفرانباری ئەمساڵ یاسین فەتحی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری دێولان لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

 

پارێزگای ئیلام

لە ڕێکەوتی ۲۰ی بەفرانبار، فەریبۆرز سادقی، خەڵکی ئیلام لە دوکانەکەی خۆی لەو شارەدا دەستبەسەر کرا و تا ئێستا زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.

ئەخمەد شێخی، هاووڵاتیی کورد و لە فەرمانبەرانی فەرمانگەی ئاوی شاری دێلوڕان سەر بە پارێزگای ئیلام، ڕێکەوتی ۳ی بەفرانبار بە بەکارھێنانی توندوتیژی و لێدانەوە دەستبەسەر کرا و زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە. ناوبراو مانگی پووشپەڕی ئەمساڵیش دەستبەسەر کرابوو و دوای یەک مانگ ئەشکەنجەدران بەدانانی بارمتەی ۵ ملیار تمەنی و بەشێوەی کاتی ئازاد کرابوو. ناوبراو لە کاتی تێپەڕاندنی سزای بەندکرانەکەی بە پێبەندی ئەلیکترۆنییەوە، جارێکی دیکە دەستبەسەر کرایەوە.

 

شنۆ

سەرەتای مانگی رێبەندان، بەهمەن ڕەسووڵیان، خەڵکی شنۆ دەستبەسەر کرا و لە دەستبەسەرگەدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کرا. ناوبراو ڕۆژی سێشەممە ۷ی ڕێبەندان لە ئورمیەوە بۆ بەندیخانەی شنۆ گواسترابوویەوە.

 

پارێزگای خوراسانی باکوور

لە کۆتاییەکانی مانگی بەفرانبار، عەباس کەیهانی، هاووڵاتیی تەمەن ۱۸ ساڵ و خەڵکی بجنۆرد سەر بە پارێزگای خوراسانی باکوور دەستبەسەر کرا و تا ئێستا زانیارییەک لەسەر بارودۆخی ڕاگرتن و تەندروستیی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.

مەسعوود بابایی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری شیروان سەر بە پارێزگای خوراسانی باکوور لەنێوان ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ئەمساڵ دەستبەسەر کرا و لەگەڵ سازکردنی دۆسیەی ئەمنی و مەترسیی سەپاندنی سزای سێدارە ڕووبەڕوویە.

ناوبراو خاوەنی کافی شاپێکە و بە لیدێری خۆپیشاندانەکان تۆمەتبار کراوە.

 

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە