مەهاباد؛ چالاکێکی سیاسیی کورد سزای سێدارە و شەش کەسی دیکە سزای شەست ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا
هەنگاو؛ شەممە ۳ی خەزەڵوەری ۲۷۲۵
کاوەیس عەبدوڵڵازاده، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری مەھاباد لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا و شەش هاووڵاتیی دیکە بەناوەکانی سالار بایەزیدی ئازەر خەڵکی مەهاباد، هێمن مام قادری، یووسف مام قادری و مەنسوور کەربەلایی خەڵکی بۆکان و سالار سەیدڕەحیمی و حەسەن مامیل ئازەر دوو هاووڵاتیی خەڵکی میاندواو، سەرجەم سزای ۶۰ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاوەیس عەبدوڵڵازاده، خەڵکی مەهاباد لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەحەد سیامی سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا. هەروەها سالار بایەزیدی ئازەر، خەڵکی مەهاباد هێمن مام قادری، یووسف مام قادری و مەنسوور کەربەلایی، سێ هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان و سالار سەیدڕەحیمی و حەسەن مامیل ئازەر، خەڵکی میاندواو لە لایەن هەمان دادگا هەر یەک سزای ۱۰ ساڵ بەندکران و سەرجەم ۶۰ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا.
تۆمەتەکانی ئەو هاووڵاتییانە «پێکهێنانی باند و گرووپ بە ئامانجی ڕووخاندنی حکومەت، داڕشتنی پلەن بۆ سەرهەڵدانی گشتی و هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران» ڕاگەیەندراوە.
شایەنی باسە کە لە نێوان ئەو تۆمەتبارانەدا کاویس عەبدوڵڵاپوور دوای ئازادکردنی بەدانانی بارمتە، لە ئێران ڕۆیشتووەتە دەرەوە.
ئەو هاووڵاتییانە لە نیوەی سەرەتای پووشپەڕی ساڵی ۲۷۲۲ لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوون و دوای ماوەیەک بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی لە بەندیخانە ئازاد کرابوون.
هێمن مام قادری کە لەگەڵ یووسف مام قادری لە جاددەی بۆکان-سەقز دەستبەسەر کرابوو بەهۆی بەرکەوتنی گوللەی هێزە ئەمنییەکان لە بەشی لاقیدا بریندار کرابوو و ئەو برینداربوونە لەسەر ڕەوتی ئاسایی ژیانی ناوبراو کاریگەریی هەبووە.