سەلاح یووسفی، لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکان بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا سزای سێدارەی بە سەردا سەپێندراوە
هەنگاو؛ چوارشەممە ١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥
سەلاح یووسفی، هاووڵاتی کورد و ٣٥ ساڵە و خەڵکی جوانڕۆ سەر بە پارێزگای کرماشان و لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی، لە ئەنجانی پرۆسەیەکی خێرا و بەپەلە بە تۆمەتی «دژایەتی خوا» لە ڕێگای پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل بع سَدارع مەحکووم کراوە و بنەماڵەی ناوبراو تەنیا چەند ڕۆژ پاش دەستبەسەرکران، بە شێوەی زارەکی لە لایەن ناوەندی سوپای پاسدارانی ساری لەم بابەتە ئاگادار بوونەتەوە. ئەم هەواڵە هەتا ئێستا بە شێوەی فەرمی بڵاو نەکراوەتەوە و هیچ ئاگادارکردنەوە یان بڕیاری فەرمی بەم بنەماڵە نەدراوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەلاح یووسفی هاووڵاتیی خەڵکی جوانڕۆ و دانیشتووی ڕامسەر سەر بە پارێزگای مازەندەران کە لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی دەستبەسەرکرابوو، پاش دوو جار دەستبەسەرکران لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی، بە تۆمەتی «دژایەتی خوا» لە ڕێگای پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا بەرەوڕوو بووەتەوە.
هەنگاو ئاگادار بووەتەوە کە سەلاح یووسفی، جاری یەکەم ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی بەفرانبار لە لایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر و پاش یەک ڕۆژ ئازاد کرابوو، ناوبراو بۆ جاری دووەم لە لایەن هەر ئەم ناوەندەوە پاش یەک ڕۆژ ئازادی دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی سوپای پاسداران لە ساری گواستراوەتەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە پاش دەستبەسەرکرانی منداڵەکەیان و بەدواداچوونە بەردەوامەکانیان بۆ زانیاری لەسەر دۆخی ناوبراو و بەردەوام ڕۆیشتن بۆ ناوەندە جیاوازە ئەمنییەکان لە ڕامسەر و ساری لە پارێزگای مازەندەران، بە شێوەی زارەکی لە لایەن سوپای پاسدارانی “ساری” ئاگادار کراونەتەوە کە تۆمەتی دیاریکراو دژی سەلاح یوسفی «دژایەتی خوا»ـیە و بە پێی ئەم تۆمەتە، سزای دیاریکراو سێدارەیە.
سوپای پاسدارانی ساری بەم بنەماڵەی ڕاگەیاندووە کە منداڵەکەیان لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا پەیوەندی قووڵی بووە و سزا دیاریکراوە و جێبەجێ کرانەکەیشی لە تاران ئەنجام دەدرێ و ئەوان لەمە بە دواوە وڵامی هیچ بەدواداچوونێکی ئەم بنەماڵەیە نادەنەوە. سەرچاوەی هەنگاو ڕایگەیاند بە پێی قسەی سوپای پاسدارانی ساری، لە ئێستادا بە ئەگەری زۆر سەلاح یوسفی بۆ دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی تاران گواستراوەتەوە.
سەلاح یوسفی سەڵت و ٣٥ ساڵەیە، لە شاری ڕامسەر لە پاساژی ئارامشی ئەم شارە، دوکانی مۆبایل فرۆشی بووە و لە شوێنی کارەکەی لە لایەن هێزە سەرکوتگەرەکان دەستبەسەرکراوە.
شایانی باسە کە سەلاح یوسفی لە کاتی دەستبەسەرکرانەکەیەوە هەتا ئێستا لە سەرەکی ترین مافەکانی خۆی، وەک مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و هەموو مافەکانی بەندکراوێک، بێبەش کراوە و تەنانەت بنەماڵەی ناوبراویش بێ ئاگان لە قۆناغەکانی بەڕێوەچوونی دادوەریی بۆ سەر کەیسی ناوبراو.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بەم دواییانە دادوەری تاران ڕایگەیاندووە کە کەیسی ژمارەیەک لە دەستەبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانە بە ناونیشانی دژایەتی خوا بۆ دادگا نێردراون و دەستەبسەرکراوان بە دیاریکردنی تۆمەت و بڕیاری ڕاگرتن بە بەندیخانە ناسراون. هەروەها زیادی کرد کە ئەو کەیسانەی کە لە نێویاندا هەوڵی تاوانباران لە چوارچێوەی دژایەتی خوا هەڵسەنگاندن دەکرێت، بە شێوەی تایبەت و بەپەلە خەریکی بەدواداچوونن.
هاوکات، بەڕێوەبەری دەزگای دادوەریی، موحسێن ئەژەیی هەڕەشەی کردبوو کە «ئەم جارە هیچ جۆرە لێبوردنێک نییە». هاوکات ئەم هەڕەشە بە دەرکردنی بڕیاری تۆمەتبارکردنی بەپەلە، مەترسی سێدارە بەپەلەکان و تەنانەت سێدارە بیابانییەکانی بە شێوەی جدی زیاد کردووە.
هەنگاو پێشتریش ئاگاداری دابوو کە پرۆسەی بەپەلە و ناڕوونی بەدواداچوون بە کەیسی دەستبەسەرکراوان و کەڵک وەرگرتنی هەمیشەیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە تۆمەتی دژایەتی خوا بۆ ئەمنیی کردنەوەی ناڕەزایەتییەکان، مەترسی دەرکردنی سزای سێدارەی بەپەلە و تەنانەت سێدارە بیابانییەکانی بە شێوەی جدی زیاد کردووە.