بەندیخانەی نەغەدە؛ بەردەوامی دەستبەسەرکردن و ناڕوونی چارەنووسی عەزیز خزری
هەنگاو؛ یەکشەممە، ٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥
عەزیز خزری، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی پیرانشار، نزیک بە چوار مانگی ڕابردووی لە دەستبەسەریدا تێپەڕاندووەو تائێستاش بە چارەنووسێکی ناڕوونەوە لە بەندیخانەی نەغەدە ڕاگیراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، عەزیز خزری تەمەن ٥٧ ساڵ، خەڵکی گوندی "ئەندێزە”ی پیرانشار، ماوەی ٣ مانگ و ١٦ ڕۆژی تەواوی بە چارەنووسێکی ناڕوونەوە لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە تێپەڕاندووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی عەزیز خزری ،لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەیامی، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" دۆسیەیەک لە دژی ئەم تۆمەتبارە سیاسییە کراوەتەوە.
ئەو سەرچاوەیە زیادی کرد کە بە دەستێوەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران ، ڕێگری لە دانانی بارمتە و ئازادکردنی کاتی عەزیز خزری کراوە.
عەزیز خزری بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە، ١٩ی پووشپەڕی ٢٧٢٥ (١٠ی جولای ٢٠٢٥)، لە ئەنجامی هەڵکوتانی لەناکاوی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆسەر ماڵەکەی ، لەگەڵ کوڕەکەی بە ناوی زانیار خزری، دەستبەسەر و دواتر بۆ بەندیخانەی نەغەدە گوازراونەوە. زانیار خزری لەماوەی ڕابردوودا بە دانانی بارمتەی یەک ملیارد تمەنی ، بەشێوەیەکی کاتی تا کۆتایی دادگاییکردنەکەی ئازاد کراوە.