ڕاپۆرتی هەنگاو سەبارەت بە جێبەجێکرانی سزای سێدارەی حەوت بەندکراو لەوانە ژنێک لە بەندیخانەی ڕەشت

٥ خەزەڵوەر ٢٧٢٥، ٢٢:٤٠

هەنگاو؛ دووشەممە، ٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥

سزای سێدارەی حەوت بەندکراو لەوانە ژنێک، بە ناوەکانی ؛ مەحبووبە جەلالی، کوروش نەسڕوڵڵازادە، فەرهاد حاتەمی، ئەمیر نەزەری، مەیسەم باقری، سیامەک خادم و حامید حەنیفە کە پێشتر لەلایەن دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرابوو، لە یەک ڕۆژدا لە بەندیخانەی لاکان لە شاری ڕەشت جێبەجێکرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە، ٣ خەزەڵوەری ٢٧٢٥ (٢٥ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٥)، سزای لەسێدارەدانی حەوت بەندکراو کە یەکیان ژن بووە بە ناوەکانی؛ مەحبووبە جەلالی تەمەن ٣٨ ساڵ شارومەندی گیلەکی خەڵکی ڕوودسەر، کوروش نەسروڵڵازادە تەمەن ٤٨ ساڵ ،باوکی دوو منداڵ و هاووەڵاتی گیلەکی خەلکی فوومن سەربە گیلان، فەرهاد حاتەمی هاووڵاتیی کورد و خەڵکی کەنگەڤەری پارێزگای کرماشان، ئەمیر نەزەری و مەیسەم باقری تەمەن ٣٤ ساڵ و خەڵکی کەرەج، سیامەک خادم هاووڵاتیی گیلەکی خەڵکی لاهیجان و حامید حەنیفە هاووڵاتییەکی تورکی خەڵکی ئابیەکی قەزوێن، لە بەندیخانەی ناوەندیی ڕەشت جێبەجێکراوە.

ئەمیر نەزەری پێشتر ، مەحبووبە جەلالی نزیکەی چوار ساڵ لەمەوبەر ، کووروش نەسروڵلازادە سێ ساڵ لەمەوبەر، فەرهاد حاتەمی نزیکەی سێ ساڵ لەمەوبەر و هەروەها مەیسەم باقری شەش ساڵ لەمەوبەر لە دۆسیەی جیادا، هەروەها سیامەک خادم و حامید حەنیفە حەوت ساڵ لەمەوبەر لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە تاوانی ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر کرابوون و پاشان لەلایەن دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا.

شایانی باسە کە مەحبووبە جەلالی لەگەڵ پیاوێک کە بەشێوەی کاتی(سیغە)مارەکراوی بووە دەستبەسەر کراون. ئەو پیاوە ڕایگەیاندبوو کە ئەو ماددە هۆشبەرانەی کە دۆزراونەتەوە هی مەحبووبەن. هەروەها کووروش نەسروڵڵازادە لەگەڵ هاوسەرەکەی و دوو منداڵەکەی دەستبەسەرکرابوون کە هاوسەرەکەی بە چوار ساڵ بەندکران سزا دراوەو منداڵەکانی ئازاد کراون.

تا کاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەو گیراوانە لە میدیاکانی دەوڵەت ، بەتایبەتی میدیاکانی نزیک لە دەسەڵاتی دادوەرییەوە ڕانەگەیەندراوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە