جێبەجێکرانی سزای سێدارەی لانی کەم ١١ بەندکراو بریتی لە ٩ بەندکراوی بەلووچ و بەندکراوێکی ژن لە بەندیخانەکانی یەزد و زاهیدان
هەنگاو؛ یەکشەممە ٢٥ی سەرماوەزی ٢٧٢٤
سزای سێدارەی حەوت بەندکراو بریتی لە پێنج بەندکراوی بەلووچ، بەندکراوێکی کورد و بەندکراوێکی ژن لە بەندیخانەی ناوەندیی یەزد و هەروەها سزای سێدارەی چوار بەندکراوی بەلووچی دیکە لە بەندیخانەی ناوەندیی زاهیدان جێبەجێ کراوە. ئەو بەندکراوانە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان و کوشتنی بە ئەنقەستەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو. محەممەد عەلی خارکووهی، ڕەزا خارکووهی، عەبدولباست توتازەهی، عەبدولناسر توتازەهی، نێعمەتەڵڵا توتازەهی، عەلیڕەزا گولەبچە، ئێلیاس تەردەست، یەعقووب بەراهوویی موقەدەم و محەممەدوەزیر ڕوودینی ناسنامەی بەندکراوانی بەلووچی لەسێدارەدراو و سەلاح ڕەحیمی ناسنامەی بەندکراوی کوردی لەسیدارەدراوە. هەروەها بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی ئەو بەندکراوە ژنەی لەسێدارە دراوە بەدواداچوون دەکرێت.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی سەرماوەزی ٢٧٢٤ (١٥ی دێسەمبەری ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی دوو برای بەندکراو بەناوەکانی محەممەد عەلی خارکووهی، تەمەن ٣٦ ساڵ و باوکی چەند منداڵ و ڕەزا خارکووهی، تەمەن ٤٣ ساڵ و باوکی ٤ منداڵ، هەردووکیان خەڵکی زاهیدان، عەبدولباست توتازەهی تەمەن ٣٨ ساڵ باوکی دوو منداڵ و خەڵکی گوندی گەراغەی نوسرەتئاباد سەر بە پارێزگای زاهیدان، عەبدولناسر توتازەهی تەمەن ٣٨ ساڵ باوکی ٨ منداڵ و خەڵکی گوندی چاەڕەحمانی نوسرەتئابادی زاهیدان و نێعمەتەڵڵا توتازەهی، تەمەن ٣٣ ساڵ و خەڵکی زاهیدان، هەروەها بەندکراوێکی کورد بەناوی سەلاح ڕەحیمی تەمەن نزیکەی ٣٧ ساڵ و خەڵکی سنە و بەندکراوێکی ژن لە بەندیخانەی ناوەندیی یەزد جێبەجێ کرا.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی حاڵوەش، هاوکات سزای سێدارەی عەلیڕەزا گولەبچە تەمەن ٣٧ ساڵ، باوکی سێ منداڵ و خەڵکی زابۆل، ئێلیاس تەردەست (شاهوزەهی) تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی زاهیدان، محەممەدوەزیر ڕوودینی تەمەن ٤٥ ساڵ و باوکی ٤ منداڵ، و یەعقووب بەراهوویی موقەدەم، باوکی منداڵێک و خەڵکی گوندی سفیدئابەی نیمرووز لە بەندیخانەی ناوەندیی زاهیدان جێبەجێ کراوە.
محەممەد عەلی خارکووهی و ڕەزا خارکووهی، لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا نزیکەی ٧ ساڵ پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لە شاری یەزد دەستبەسەر کرابوون و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
عەبدولباست توتازەهی، عەبدولناسر وتازەهی و نێعمەتەڵڵا توتازەهی، لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا لە شەش ساڵ پێشترەوە بە تۆمەتی هاوشێوە دەستبەسەر کرابوون و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
هەروەها ژنێکی بەندکراو بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست و بەندکراوێکی کورد بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
عەلیڕەزا گولەبچە و ئێلیاس تەردەست لە چوار ساڵ پێشتر و یەعقووب بەراهوویی موقەدەم و محەممەدوەزیر ڕوودینی لە یەک ساڵ پێشترەوە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
هەواڵی لەسێدارەدانی ئەو بەندکراوانە هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە لە میدیا حکومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.