جێبەجێكرانی سزای سێدارەی چوار بەندكراو لەوانە دوو ژن لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە

هەنگاو؛ یەكشەممە ٢٦ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤
سزای سێدارەی چوار بەندكراو لەوانە دوو ژن بە ناوەكانی موژگان ئازەرپیشە، كەوسەر قوربانی، ئەرشەد فەرزادبەند و حامید فەرەجی كە پێشتر بە تۆمەتی كوشتنی بەئەنقەست سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە (بەندیخانەی دەریا) جێبەجێ كرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەر لە بەیانی ڕۆژی یەكشەممە ٢٦ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ (١٦ی مارسی ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی ئەرشەد فەرزادبەند، تەمەن ٢٨ ساڵ، هاووڵاتی کورد و خەڵكی"مەرگەوەڕ"ی سەر بە ئورمیە، حامید فەرەجی تەمەن ٢٨ ساڵ و هاووڵاتیی تورک و خەڵكی ئورمیە لە بەندیخانەی دەریای ئەم شارە جێبەجێ كرا.
بە وتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، ئەرشەد فەرزادبەند سێ ساڵ پێش و حامد فەرەجی پێنج ساڵ پێش بە تۆمەتی "كوشتنی بەئەنقەست" دەستبەسەر و لە لایەن دەزگای دادوەری كۆماری ئیسلامیی ئێران سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
هەروەها، هاوكات لەگەل ئەم دوو بەندكراوە سزای سێدارەی دوو بەندكراوی ژن بە ناوەكانی موژگان ئازەرپیشە تەمەن ٣١ ساڵ و خەڵكی ئورمیە و كەوسەر قوربانی تەمەن ٢٤ ساڵ و خەڵكی نەغەدە بە تۆمەتی "كوشتنی بەئەنقەست" لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە جێبەجێ كرا كە پێشتر هەنگاو ڕایگەیاندبوو.
تا كاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لە سێدارەدانی ئەم چوار بەندكراوە لە میدیا حكوومەتییەكان بە تایبەت میدیاكانی سەر بە دەزگای دادوەری ڕانەگەیێندراوە.