مەهاباد؛ دەستبەسەرکرانی سیروان شاولە لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە
هەنگاو؛ پێنجشەممە، ٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥
سیروان شاولە، ژنە هاووڵاتییەکی کورد و خەڵکی شاری مەهاباد، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە جەلال سەدەفی هاوسەری سیروان شاولە، بەچارەنووسێکی نادیارەوە لە بەندیخانەدایە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥ (٢٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥)، سیروان شاولە لە ماڵی خۆی لە شاری مەهاباد دەستبەسەر کراوە.
تا ئێستا زانیارییەکی ورد لەبارەی هۆکاری دەستبەسەرکران و تۆمەتە پاڵخراوەکان و چارەنووسی ئەم هاوڵاتییە لەبەردەستدا نییە. شایانی باسە سیروان شاولە پێشتر لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بانگهێشت کراوە و هەڕەشەی کەیس سازی لە دژی، لێ کراوە.
جەلال سەدەفی، هاوژینی سیروان شاولە، لە ڕێکەوتی ٢٥ی سەرماوەزی ٢٧٢٤ (١٥ی سێسەمبەری ٢٠٢٤ ) لە ئەنجامی هەڵکووتانی هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بۆ سەر ماڵەکەی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی مهاباد ڕاگوێزرا کە تا ئێستاش، بە چارەنووسێکی نادیارەوە لە بەندیخانە دەسبەرە.