ئازادکرانی جەلال سەدەفی و قادر خەرامانفەر لە بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد بە دانانی بارمتە
هەنگاو؛ یەکشەممە ۲۳ی سەرماوەزی ۲۷۲۵
جەلال سەدەفی و قادر خەرامانفەر، هاووڵاتییانی کورد و خەڵکی شاری مەھاباد دوای تێپەڕکردنی یەک ساڵ دەستبەسەربوون لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە و بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد، بە دانانی بارمتەی چوار ملیار تمەنی و بەشێوەی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ئازاد کران.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ۲۲ی سەرماوەزی ۲۷۲۵ (۱۳ی دیسەمبەری ۲۰۲۵)، جەلال سەدەفی هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەھاباد و قادر خەرامانفەر، چالاکی سیاسی خەڵکی مەهاباد بەدانانی بارمتەی چوار ملیار تمەنی و بەشێوەی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ئازاد کران.
ئەو دوو هاووڵاتییە ۲۵ی سەرماوەزی ۲۷۲۴ (۱۵ی دیسەمبەری ۲۰۲۴)، لە ڕەوتی دەستبەسەرکرانی بەرفراوانی هاووڵاتییانی کورد لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران و سەرەتا بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە و پاش چەند مانگ بۆ بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد گواسترابوونەوە و بە تۆمەتی «ئەندامێتی لە گرووپە دژبەرەکان» لە لقی یەکی لێپرسینەوەی خانەی دادی گشتی و شۆڕشی مەهاباد دۆسیەیان بۆ کرابۆوە.
شایەنی باسە کە، جەلال سەدەفی لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیدا بووە و چەند ددانی لەژێر ئەشکەنجەدا شکاون.
هەروەها قادر خەرامانفەر لە ماوەی دەستبەسەربوونی خۆیدا سەرەڕای تووشبوونی بە نەخۆشیی گیرانی دەماری دڵ، چەوری جەرگ، پەستانی خوێن و ئارترۆزی ئەژنۆ لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پێڕاگەیشتنی پزیشکی بێبەش بووە.
لە یەک حاڵەت گواستنەوەی ئەو هاووڵاتییە بە دەستبەند و پێبەند بۆ نەخۆشخانە لە ڕێکەوتی ۲۹ی جۆزەردانی ۲۷۲۵دا، سەرەڕای پێداگریی دکتۆر لەسەر پێویستیی خەواندنی ناوبراو و دەستپێکردنی پرۆسەی دەرمان، دوای وەرگرتنی حەبەکانی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد گەڕێندرایەوە.