ئازادکرانی چوار ئەندامی گرووپی ڕاگەیاندنی ئاوا میدیا دوای ١٤ ڕۆژ دەستبەسەری لە ئورمیە

٢٦ سەرماوەز ٢٧٢٥، ٢٣:٠٩

هەنگاو؛ چوارشەممە ٢٦ی سەرماوەزی ٢٧٢٥

چوار ئەندامی گروپی ڕاگەیاندنی ئاوا میدیا بە ناوەکانی عومەر ئەحمەد، ناسراو بە ڕەسوکە، پێشکەشکاری خەڵکی قەڵادزێی هەرێمی کوردستان، مامەند حەسەنپوور، بەرهەمهێنەر و هاووڵاتیی خەڵکی نەغەدە، وێنەگری ئەم گرwوپە بە ناوی ئاوارە عومەر و هەروەها شۆفێری تیمەکە بە ناوی عومەر، کە پێشتر لەلایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوون، دوای ١٤ ڕۆژ دەستبەسەری لە یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی ئورمیە، ئازاد کران.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی سەرماوەزی ٢٧٢٥ (١٧ی دیسەمبەری ٢٠٢٥)، عومەر ئەحمەد، پێشکەشکاری ناسراوی تەلەڤیزیۆنیی خەڵکی شاری قەڵادزێ هەڵکەوتوو لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ سێ هاوکارەکەی لەوانە مامەند حەسەنپوور، بەرهەمهێنەر و هاووڵاتیی خەڵکی نەغەدە و ئاوارە عومەر، وێنەگری خەڵکی هەرێمی کوردستان و هەروەها شۆفێری ئەم گروپە بە ناوی عومەر، دوای دوو هەفتە دەستبەسەری ئازاد کراون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەیەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند، ئەم هاووڵاتییانە بەبێ هیچ هۆکارێکی یاسایی و تەنیا بە بیانووی نەبوونی مۆڵەت دەستبەسەر کراون و لە تەواوی ماوەی دەستبەسەریدا، بە چارەنووسێکی ناڕوونەوە لە دەستبەسەرگەدا ڕاگیراون. ئەمە لە کاتێکدایە کە تیمی ڕاگەیاندنی ئاوا میدیا پێشتر مۆڵەتە پێویستەکانی لە کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر وەرگرتبوو و هەروەها پێش بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی بەیت و حەیران لە سەردەشت، بە شێوەی تەلەفۆنی داوای مۆڵەتیان بۆ ڕووماڵکردنی ئەم چالاکییە کردبوو.

ئەم هاووڵاتییانەی تیمی ڕاگەیاندنی ئاوا میدیا ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی سەرماوەزی ٢٧٢٥ (٣ی دیسەمبەری ٢٠٢٥)، لە کاتی ڕووماڵکردنی دووەم ڕۆژی فێستیڤاڵی بەیت و حەیران لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە سەردەشت دەستبەسەر کران.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە