ئازادکردنی حەمید چەپاتی بە چاودێریی پێبەندی ئێلێکترۆنی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە

١٥ سەرماوەز ٢٧٢٥، ١٨:٣٠

هەنگاو؛ شەممە ١٥ی سەرماوەزی ٢٧٢٥

حەمید چەپاتی، یەکێک لە چالاکانی مەدەنیی کورد و خەڵکی ئورمیە کە پێشتر بۆ جێبەجێکردنی سزای شەش مانگ بەندکرانەکەی ڕەوانەی بەندیخانە کرابوو، دوای تێپەڕاندنی نزیک بە دوو مانگ و نیو بەندکران، بە چاودێریی پێبەندی ئێلێکترۆنی لە گرتووخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازاد کرا.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١٥ی سەرماوەزی ٢٧٢٥ (٦ی دیسەمبەری ٢٠٢٥)، حەمید چەپاتی، چالاکی مەدەنیی تەمەن ٣٧ ساڵ و خەڵکی ئورمیە، دوای تێپەڕاندنی ٨٨ ڕۆژ بەندکران، بە پێبەندی ئێلێکترۆنی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەوشارە ئازاد کرا.

حەمید چەپاتی درێژەی ماوەی سزاکەی لە دەرەوەی بەندیخانە و بە سنووردارکردنی هاتووچۆ لە ماڵەکەی خۆیدا بەسەر دەبات.

ئەم چالاکە مەدەنییە، ڕۆژی سێشەممە ١٨ی خەرمانانی ٢٧٢٥ (٩ی سێپتەمبەری ٢٠٢٥)، دوای بانگهێشتکردنی بۆ لقی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای ئورمیە، دەستبەسەر و بۆ تێپەڕاندنی ماوەی ٦ مانگە بەندکرانەکەی، ڕەوانەی گرتووخانە کرابوو.

حەمید چەپاتی ساڵی ڕابردوو لەلایەن لقی ٢ی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتیی دادوەر شاهینی بە تۆمەتی "پرۆپاگەندە دژی حکوومەت و شێواندنی بیروڕای گشتی" سزای ٣ مانگ بەندکرانی تەعزیری بەسەردا سەپێنرا.

بڕیارەکە لە گەلاوێژی ئەمساڵدا دوای ناڕەزایەتیی بێهزاد ساریخانلوو، جێگری داواکاری گشتی و شۆڕشی ئورمیە سەبارەت بە بڕیارەکەی دادگای سەرەتایی، بۆ ٦ مانگ بەندکرانی تەعزیری بەرز کرایەوە.

ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی ڕەزبەری ٢٧٢٤ (١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤)، دوای بانگهێشت و سەردانیکردنی پۆلیسی ئەمنییەتی ورمێ، دەستبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتەی ٦ ملیار تمەنی و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتایی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە ئازاد کرابوو.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە