مەهاباد؛ موحسین ئەحمەدزادە دوای تێپەڕینی نزیک بە سێ ساڵ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتەی ئازاد کرا

٣٠ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ١٥:٠٩

هەنگاو؛ یەکشەممە ٣٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

موحسین ئەحمەدزادە، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی مەهاباد بە دانانی بارمتەی سێ ملیار تمەنی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە ئازاد کرا. ناوبراو بۆ ماوەی دوو ساڵ و ٨ مانگ و ٢١ ڕۆژ لە بەندیخانە ڕاگیرابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (١٦ی مەی ٢٠٢٤)، موحسین ئەحمەدزادە، هاووڵاتیی تەمەن ٣٨ ساڵ و خەڵکی گوندی "کۆسە کەرێزی" سەر بە شاری مەهاباد، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارەوە بە دانانی بارمتەی قورسی سێ ملیار تمەنی ئازاد کرا.

موحسین ئەحمەدزادە، ڕۆژی شەممە ٢٢ی خەزەڵوەری ٢٧٢١ (١٣ی نۆڤەمبەری ٢٠٢١)، دوو هەفتە دوای ئازادیی کاتی و دوای بانگکرانی بۆ دادگای شۆڕشی مەهاباد، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا و جارێکی دیکە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی پێشووتری هەنگاو، موحسین ئەحمەدزادە لە ماوەی ئەو ڕۆژانەی کە دەستبەسەر بووە لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە. ناوەندە ئەمنییەکان موحسین ئەحمەدزاە تەمەن بە هاوکاری کردنی حیزبێکی کوردستانی دژبەری حکوومەت تۆمەتبار کردووە.

موحسین ئەحمەدزادە ڕۆژی دووشەممە ٨ی خەرمانانی ٢٧٢١ (٣٠ی ئاگۆستی ٢٠٢١) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد دەستبەسەر و بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگەکانی ئەم ناوەندە ئەمنییە لە شاری ئورمیە گوازرایەوە.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە، هاوکات برایەکی موحسین بە ناوی یاسین ئەحمەدزادە لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستبەسەر کراوە کە دوای ٢٤ کاتژمێر لێپرسینەوە ئازاد کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە