ئورمیە؛ دەستبەسەرکردنی سێ ئەندامی بنەماڵەیەکی کورد لەوانە دوو ژن لەلایەن هێزە حکوومییەکانەوە

٢٨ سەرماوەز ٢٧٢٥، ٢١:١٢

هەنگاو؛ هەینی ٢٨ی سەرماوەزی ٢٧٢٥

سۆفی ڕۆستەمی، زەینەب یووسفپوور و شیلان ڕۆستەمی، هاووڵاتییانی کورد و ئەندامانی یەک بنەماڵە، لەلایەن هێزە حکوومییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە ئورمیە بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٥ (١٨ی دیسەمبەری ٢٠٢٥)، سۆفی ڕۆستەمی، تەمەن ٦٠ ساڵ و خەڵکی بایەنگانی سەر بە پاوە، هاوژینەکەی زێنەب یووسفپوور، تەمەن ٤٩ ساڵ و خەڵکی بۆکان و شیلان ڕۆستەمی، تەمەن ٢٣ ساڵ و کچی ئەو ژن و مێردە، لە ماڵە تایبەتییەکەی خۆیان لە ئورمیە، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە دەستبەسەر کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دەستبەسەرکردنی ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە نزیکەی کاتژمێر ٥ی ئێوارە و لەئەنجامی هێرشی هێزە حوکوومییەکان بۆ سەر ماڵەکەیان، بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە حوکمێکی دادوەری، ئەنجام دراوە.

شایانی باسە کە زەینەب یووسفپوور، خوشکی فەتاح یووسفپوورە، کە ڕۆژی سێشەممە ٦ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥ (٢٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥)، لە درێژەی هێرشی هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر ماڵی بنەماڵەکەی وێڕایی توندوتیژیەکی زۆر دەستبەسەر کرابوو. ناوبراو دوای بیست ڕۆژ دەستبەسەری بە بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتایی قۆناغەکانی دادگاییکردن ئازاد کراوە.

تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیاریی ورد سەبارەت بە هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن و شوێنی ڕاگیرانی ئەم هاووڵاتییانە لە بەردەستدا نییە و بەدواداچوونی بنەماڵەکەیان لەم بارەیەوە بێ‌ئاکام ماوەتەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە