هۆشداریی هەنگاو سەبارەت بە مەترسیی جێبەجێکردنی سزای سێدارەی یووسف ئەحمەدی، بەندکراوی سیاسیی کورد و گواستنەوەی دۆسیەکەی بۆ لقی جێبەجێکردنی سزاکان
هەنگاو؛ چوارشەممە ١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥
دۆسیەی یووسف ئەحمەدی، بەندکراوی سیاسیی کوردی مەحکووم بە سێدارە و خەڵکی بانە کە لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە دەستبەسەرە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزا گواستراوەتەوە بۆ لقی جێبەجێکردنی سزاکان و مەترسیی جێبەجێکردنی سزاکەی لە ڕۆژانی داهاتوودا زۆر جیدییە. پرۆسەی دەرکردنی سزای سێدارە دژی ئەم بەندکراوە سیاسییە لەگەڵ پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکان و لەژێر ئەشکەنجەی توندی جەستەیی و دەروونیی ناوەندە ئەمنییەکاندا ئەنجام دراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دۆسیەی یووسف ئەحمەدی، زیندانیی سیاسیی کورد و خەڵکی بانە بۆ لقی جێبەجێکردنی سزاکان گواستراوەتەوە و مەترسیی جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ئەم زیندانییە سیاسییە تەمەن ٤٠ ساڵە لە ئارادایە. ناوبراو لە پێنج ساڵ لەمەوبەرەوە بەبێ تەنانەت یەک ڕۆژ مۆڵەت لە بەندیخانەدا ماوەتەوە.
هەنگاو هۆشداری دەدات سەبارەت بە جێبەجێکردنی سزای سێدارەی یووسف ئەحمەدی و داوا لە سەرجەم ناوەندە مافی مرۆییەکان دەکات کە هەموو هەوڵێکی خۆیان بۆ ڕاگرتنی سزای سێدارەی ئەم بەندکراوە سیاسییە بخەنە گەڕ.
ئەم بەندکراوە سیاسییە کوردە ڕۆژی ١٨ی بەفرانباری ئەمساڵ، لەگەڵ ٨ بەندکراوی سیاسیی دیکەی ڕاگیراو لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە، هاوکات لەگەڵ مانگرتنی گشتی لە کوردستان وەک نیشانەیەک بۆ شەرمەزارکردنی کوشتاری هێزە سەرکوتکەرە حکومەتییەکان لە پارێزگاکانی لوڕستان، کرماشان و ئیلام و هەروەها هاودەنگی لەگەڵ خەڵکی ناڕازیی ئێران مانیان گرتبوو.
سزای سێدارە و پرۆسەی دادوەریی نادادپەروەرانە
ئەم زیندانییە سیاسییە لە مانگی خەرمانانی ٢٧٢٣ (سێپتێمبەری ٢٠٢٣) لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەعیدی، بە تۆمەتی "بەغی" لە ڕێگەی "ئەندامێتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا و ئەم سزایە لە زستانی هەمان ساڵدا لەلایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە پرۆسەی دۆیهسازی دژی یووسف ئەحمەدی و دەرکردنی سزای سێدارە بۆ ناوبراو لەگەڵ پێشێلکردنی ئاشکرای بنەماکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە ئەنجام دراوە و ئەو دانپێدانانەی دراونەتە پاڵ ئەم زیندانییە سیاسییە کە لەژێر ئەشکەنجەی توندی جەستەیی و دەروونی و لە بارودۆخی گوشاری بەردەوامی ناوەندە ئەمنییەکاندا وەرگیراون، کراونەتە بنەمای سەرەکیی پێکهێنانی دۆسیە و دەرکردنی سزا.
وردەکاریی ئەشکەنجە و گوشارە ئەمنییەکان
وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لە یووسف ئەحمەدی لە بارودۆخێکدا بووە کە چەند مۆرەیەکی پشتی بەهۆی ئەشکەنجەوە زیانیان پێگەیشتووە و چەندین جار بەهۆی لێدان بە کێبڵی کارەبا لەهۆش خۆی چووە. هەروەها هێزە حکومەتییەکان بە هەڕەشەی ئازاردانی کەسوکاری، هەوڵیان داوە ناچاری بکەن تۆمەتەکان قبووڵ بکات.
یووسف ئەحمەدی کاتی دەستبەسەرکردنی بریندار بووە و پێشتریش قۆڵی شکابوو، لەگەڵ ئەوەشدا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدا هیچ چەشنە چاودێرییەکی پزیشکیی گونجاوی بۆ نەکراوە. ناوبراو پێشتریش بەهۆی نەخۆشیی فێ (صرع) لەژێر چاوەدێریی پزیشکی پسپۆڕی دەمار و دەرووندا بووە، بەڵام لە کاتی لێپرسینەوەدا لە دەستڕاگەیشتن بە چارەسەر بێبەش کراوە.
پرۆسەی دۆسیەسازی و پێشێلکردنی بنەماکانی دادوەری
لێکۆڵینەوەکانی هەنگاو نیشان دەدەن کە پرۆسەی پێڕاگەییشتن بە دۆسیەی یووسف ئەحمەدی و هاودۆسیەکانی هاورێ لەگەڵ کۆمەڵێکی بەرفراوان لە دۆسیەسازییە ئەمنییەکان بووە.
سێ هاووڵاتیی دیکەی پەیوەندیدار بەم دۆسیەیەش بە تۆمەتی "هاوکاری لە بەغی" سزای قورسیان بەسەردا سەپاوە کە کۆی گشتییەکەی ٦٥ ساڵ بەندکردنە:
محەممەد کەریمی: ٢٥ ساڵ بەندکردن
باسیت کەریمی: ٢٠ ساڵ بەندکردن
محەممەد فەیزی: ٢٠ ساڵ بەندکردن
ئەم سزایانە لە ڕێکەوتی ١٢ی خەرمانانی ساڵی ٢٧٢٣ بە ناوبراوان ڕاگەیەندرا.
ئەو دانپێدانانەی دراونەتە پاڵ یووسف ئەحمەدی و هاودۆسیەکانی دیکەی، لەژێر ئەشکەنجەی توندی جەستەیی و دەروونیدا وەرگیراون و کراونەتە بنەمای سەرەکیی پێکهێنانی دۆسیەکە؛ لە کاتێکدا ئەوان لە قۆناغە جیاوازەکانی لێپرسینەوە، دادگاییکردن و تەنانەت دوای گواستنەوە بۆ بەندیخانە، لە سەرەتاییترین مافە یاساییەکان، لەوانە مافی هەبوونی پارێزەر، بێبەش کراون.
دەرکردنی ئەم سزا قورسانە و لەوانە سزای سێدارە بۆ یووسف ئەحمەدی، نیشاندەری پێشێلکردنی جیدیی بنەماکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و پشتبەستنی تەواوی دەزگای دادوەرییە بە دانپێدانانی زۆرەملێ و ڕاپۆرتە ئەمنییەکان. پرۆسەیەکی لەو شێوەیە بە ڕوونی نیشاندەری گوشاری سیستماتیکە بۆ چەسپاندنی تۆمەتەکان و بێبایەخبوونی بەڵگەنامەکانی دۆسیەکەیە.
یووسف ئەحمەدی ڕۆژی یەکشەممە ٧ی بانەمەڕی ٢٧٢٠ (٢٦ی ئاوریل) و محەممەد کەریمی، محەممەد فەیزی و باسیت کەریمی ڕۆژی شەممە ٦ی بانەمەڕی ٢٧٢٠ (٢٥ی ئاوریل ٢٠٢٠) لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە بە بەکارهێنانی توندوتیژییەکی زۆر دەستبەسەر کران و دوای تێپەڕکردنی ماوەیەکی درێژ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواسترانەوە.