پشتڕاستکردنەوەی سزای سێدارە؛ گیانی مێحراب عەبدوڵڵازادە لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە مەترسیدایە

٢٩ سەرماوەز ٢٧٢٥، ٢١:١١

هەنگاو؛ شەممە ۲۹ی سەرماوەزی ۲۷۲۵

گیانی مێحراب عەبدوڵڵازادە، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری ئورمیە و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی «ژن ژیان ئازادی»، دوای پشتڕاستکردنەوەی سزای سێدارەکەی لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە مەترسیدایە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا سزای سێدارەی مێحراب عەبدوڵڵازادە، گەنجی تەمەن ۲۷ ساڵی کورد و خەڵکی شاری ئورمیە لە لایەن لقی ۹ی دیوانی باڵای وڵاتەوە بە تەواوی پشتڕاست کرایەوە. ئەو سزایە ڕۆژی پێنجشەممە ۲۷ی سەرماوەز بەشێوەی فەرمی بە مێحراب عەبدوڵڵازادە ڕاگەیەندراوە و داوای لێ کراوە کە «داواکاریی  لێبوردن» پێشکەش بکات.

مێحراب عەبدوڵڵازادە هاوینی ساڵی ڕابردوو، لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتیی دادوەر نەجەفزادە بە تۆمەتی «بەغی» سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

هەنگاو پێشتر لە راپۆرتێکدا رایگەیاندبوو کە لە دۆسیەی مێحراب عەبدوڵڵازادەدا کوشتنی ئەندامێکی بەسیج دراوەتە پاڵ ناوبراو و بە تۆمەتی بەغی لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئورمیەوە دادگایی کراوە.

شایەنی باسە کە، مێحراب عەبدوڵڵازادە پاییزی ۲۷۲۲ و لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە رفێندرابوو و بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی ئورمیە گواسترابۆوە. ناوبراو دوای چەند مانگ ئەشکەنجە و لێپرسینەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گواسترایەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە