ڕاپۆرتێک سەبارەت بە دەستبەسەرکرانی لانی کەم حەوت هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی میاندواو، ئاودانان و بۆکان
هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥
لە درێژەی دەستبەسەرکردنە بەربڵاوەکاندا، لانی کەم حەوت هاووڵاتیی دیکەی کورد بە ناوەکانی جەمال عەبدوڵڵاهی، عەلی نەزەرزادە، ناسر یادیار، مووسا یادیار، حەمزە یادیار، هەژار ڕەحیمی و حەسەن چەمەنی لە شارەکانی میاندواو، ئاودانان و بۆکان لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.
دەسبەسەرکراوانی ئاودانان (ئیلام)
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی چوارشەممە ٢٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ ، عەلی نەزەرزادە، هاووڵاتیی تەمەن ٢٦ ساڵی خەڵکی ئاودانان و دانیشتووی شارۆچکەی هەزارانی، لەلایەن هێزەکانی ئیتڵاعاتی سوپای پاسدارانەوە لەو شارەدا دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
دەسبەسەرکراوانی بۆکان
هاوکات دوو هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان بە ناوەکانی حەسەن چەمەنی (مەسعوود) و هەژار ڕەحیمی لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کران. بەپێی زانیارییەکان، دەستبەسەرکرانی حەسەن چەمەنی نزیکەی کاتژمێر ١١ی شەو و بە هێرشی هێزە حکومەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی و بە پەنابردنە بەر توندوتیژی و لێدان بووە.
هەروەها لە هەمان شەودا، سێ برا بە ناوەکانی ناسر یادیار تەمەن ٣٨ ساڵ، مووسا یادیار تەمەن ٢٦ ساڵ و حەمزە یادیار تەمەن ٢٥ ساڵ، خەڵکی بۆکان، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە حکومەتییەکان بەبێ نیشاندانی بڕیاری دادوەری، مووسا و حەمزە یادیاریان لە گوندی «قورموسالی»ی بۆکان و ناسر یادیاریان لە گوندی «داشبەند»ی ئەو شارستانەدا دەستبەسەر کردووە. تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ئەم سێ برایە لەبەر دەستدا نییە.
جێگای ئاماژەیە کە، پێشتریش برایەکی دیکەی ئەم سێ کەسە بە ناوی ڕەسووڵ یادیار، ئێوارەی سێشەممە ٢٥ی سەرماوەزی ٢٧٢٤ ، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتەوە بەبێ نیشاندانی بڕیاری دادوەری دەستبەسەر کرابوو و بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتی ورمێ گواسترابووەوە.
دەسبەسەرکراوانی میاندواو
ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥، نزیکەی کاتژمێر ٣ی بەرەبەیان، جەمال عەبدوڵڵاهی، تەمەن ٤١ ساڵ، خێزاندار و باوکی دوو منداڵ، خەڵکی گوندی «گوگ جلو»ی سەر بە میاندواو لە ئەنجامی هێرشی هێزە حکومەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی دەستبەسەر کرا.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن، شوێنی ڕاگرتن و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ئەم هاووڵاتییانە، زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.