مێهران؛ دەستبەسەرکرانی سەعید ئاسارە هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە
هەنگاو؛ سێشەممە ٩ی پووشپەڕی ٢٧٢٦
هاووڵاتییەکی کورد و خەڵکی شاری مەلەکشاهی بە ناوی سەعید ئاسارە، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شارستانی مێهران سەر بە پارێزگای ئیلام دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٩ی پووشپەڕی ٢٧٢٦ (٣٠ی ژوئەنی ٢٠٢٦)، سەعید ئاسارە، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی مەلەکشاهی و دانیشتووی شارۆچکەی ئیسلامییە سەر بە شاری مێهران، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەم هاووڵاتییە بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری دەسبەسەر کراوە.
جێگەی ئاماژەیە کە، بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی سەعید ئاسارە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووس و دۆخی ناوبراو تا ئێستا بێئەنجام ماوەتەوە.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، تۆمەتە پاڵدراوەکان، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە کوردە لەبەردەستدا نییە.