بەندیخانەی ئیلام؛ ڕاگەیاندنی تۆمەتەکانی «موحاربه» و «افساد فی‌الارض» بە مەهدی ڕەوشەنی، بەندکراوی سیاسیی کورد

٢٢ گەلاوێژ ٢٧٢٦، ١٠:٠٥

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٢ی گەلاوێژی ٢٧٢٦

مەهدی (سیکان) ڕەوشەنی، بەندکراوی سیاسیی کورد و لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ٢٧٢٥ لە شاری مەلەکشایی پارێزگای ئیلام، دوای سەرلەنوێ دەستبەسەرکرانی لە کۆتاییەکانی پووشپەڕدا، لە لایەن لقی ٦ی لێپرسینەوەی دادگای گشتی و شۆڕشی ئیلام بە تۆمەتی قورس وەکوو «موحاربه» و «افساد فی‌الارض» تۆمەتبار کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، مەهدی ڕەوشەنی ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام بەندکراوە و دۆسیەکەی سەرەڕای ڕاگەیاندنی تۆمەتگەلێکی وەک «موحاربه» و «افساد فی‌الارض» کە دەکرێ مەترسیی دەرچوونی سزای قورس لەوانە حوکمی سێدارەی لەگەڵدا بێت، هێشتا لە قۆناغی لێپرسینەوەدایە و سزای بۆ دەرنەکراوە.

مەهدی ڕەوشەنی ڕۆژی شەممە ٢٧ی پووشپەڕی ٢٧٢٦ (١٨ی جولای ٢٠٢٦) بۆ جارێکی دیکە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەرکرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام گوازراوەتەوە. دوای گواستنەوەی، دۆسیەیەکی نوێ دژ بە ناوبراو وەگەڕ خراوە و لە لقی ٦ی لێپرسینەوەی دادگای گشتیی ئیلام تۆمەتەکانی «موحاربه» و «افساد فی‌الارض»ی پێ ڕاگەیەندراوە.

شایانی باسە کە مەهدی ڕەوشەنی پێشتر لە ڕێکەوتی ٢٦ی بەفرانباری ٢٧٢٥دا لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی شاری مەلەکشایی دەستبەسەرکرابوو و دوای نزیکەی ٣ مانگ دەستبەسەرکردن بە دانانی بارمتە بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کرابوو. ناوبراو دواتر لەلایەن دادگای شۆڕشی ئیلامەوە بە ٣ ساڵ بەندکردنیمەحکووم کرابوو کە ئەم سزایە لە قۆناغی دواتردا بۆ ٩ مانگ بەندکردن کەم کرایەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە