ئیلام؛ دەستبەسەرکرانی کیوومەرس حەسەنبەیگی، هاووڵاتیی کورد و ناڕوونیی چارەنووسی
هەنگاو؛ یەکشەممە ۴ی گەلاوێژی ۲۷۲۶
دوای تێپەڕبوونی پێنج ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکرانی کیوومەرس حەسەنبەیگی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی ئیلام لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس، بارودۆخی تەندروستی و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ۳۱ی پووشپەڕی ۲۷۲۶ (۲۲ی جوولای ۲۰۲۶)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە بەکارهێنانی توندوتیژییەکی زۆر و بەبێ پیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری کیوومەرس حەسەنبەیگییان دەستبەسەر کردووە.
دوای تێپەڕبوونی ۵ ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی ئەم هاووڵاتییە ، ناوبراو لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و هەروەها مافی پەیوەندی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە. بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی تا ئێستا بێئاکام ماوەتەوە و ئۆرگانە ئەمنییەکان لە وەڵامدانەوە سەبارەت بە چارەنووسی ناوبراو خۆدەبوێرن.