ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر دەستبەسەرکرانی ١٣ هاووڵاتیی کورد لەوانە دوو منداڵ و ژنێک لە شارە جیاجیاکان
هەنگاو؛ هەینی ١٧ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥
سێزدە هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی عەلی خانی، مەیسەم شاکری، ئەحمەدڕەزا ئەختەری، هێمن لاوە، شاروخ مستەفایی، بەهار ئەکبەری، سادق پەرویززادە، حیسام ئیسماعیلی، ئومید عەزیزی، برومەند ئەعزەمیپوور، مییلاد پەرەنداخ، مێهرداد فەیلی و ئیلیا مەحموودی لە شارەکانی مەهاباد، پیرانشار، کرماشان، قوروە، بیجاڕ، ئیلام، بوجنوور، تاران، کەرەج و بەندەرعەباس، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون.
بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی هەفتەکانی ڕابردوودا و لە بەردەوامیی شەپۆلی دەستبەسەرکردنە بەربڵاوەکانی هاووڵاتییانی کورد، لانی کەم ١٣ هاووڵاتی لەوانە دوو منداڵ و ژنێک لە شارە جیاجیاکان دەستبەسەر کراون کە ناوەکانیان بەپێی جیاکردنەوەی ناوچەکان و بە لەبەرچاوگرتنی ڕیزبەندیی کاتی بەم شێوەیەیە؛
مەهاباد و پیرانشار
ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ (٤ی فێبریوەریی ٢٠٢٦)، ئومید عەزیزی، خەڵکی گوندی «قومقەڵا»ی سەر بە مەهاباد، لە دوای هێرشی هێزە حکومەتییەکان بۆ سەر ماڵی تایبەتیی خۆی، بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری و بە توندوتیژی دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
ڕۆژی چوارشەممە ٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥، حیسام ئیسماعیلی، خەڵکی پیرانشار و باوکی چوار منداڵ، بەبێ نیشاندانی بڕیاری دادوەری لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی ئورمیە گواستراوەتەوە. بە تێپەڕبوونی ٩ ڕۆژ، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.
تاران، کەرەج و بەندەرعەباس
ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥، مییلاد پەرەنداخ، تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی گێڵان غەرب و دانیشتووی تاران، لەلایەن هێزەکانی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سوپاوە لە ڕوبات کەریمی تاران دەستبەسەر کرا. ناوبراو پێشتریش لە ١٨ی بەفرانباردا دەستبەسەر کرابوو و بە بارمتە ئازاد کرابوو. هەروەها پێشینەی دەستبەسەرکرانی لە ساڵی ٢٧١٩یشدا (١٣٩٨) هەیە.
ڕۆژی شەممە ٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥، مێهرداد فەیلی، خەڵکی زەرنەی سەر بە شارستانی ئەیوان غەرب و دانیشتووی بەندەرعەباس، لە کاتی چوون بۆ سەر کارەکەی لە بەندەرعەباس، بەبێ نیشاندانی بڕیاری دادوەری لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.
ئیلیا مەحموودی، منداڵی تەمەن ١٦ ساڵ، خەڵکی کرماشان و دانیشتووی کەرەج، کە لە ڕێکەوتی ١٩ی بەفرانباری ٢٧٢٥ لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە کەرەج دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.
هەروەها ئەحمەدڕەزا ئەختەری، تەمەن ١٨ ساڵ و خەڵکی سیروانی سەر بە ئیلام، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە تاران دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی تارانی گەورە (فەشافوویە) گواستراوەتەوە.
کرماشان
بەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥، برومەند ئەعزەمیپوور، توێژەری مێژوو و یەکێک لە مامۆستاکانی پەروەردە و فێرکردنی کرماشان، لە کاتێکدا بۆ وەرگرتنی کتێب چوو بووە فەرمانگەی پۆست، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا. بەپێی ڕاپۆرتە وەرگیراوەکان، هێزە حکومەتییەکان دوای دەستبەسەرکردنی، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی تایبەتیی ناوبراو و وێڕای پشکنینی تەواوی شوێنی نیشتەجێبوونی، نزیکەی ٤٠ بەرگ کتێب، دەستنووسە توێژینەوەییەکان و کەلوپەلە تایبەتییەکانیان دەست بەسەردا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.
لەم پێوەندییەدا، بەهار ئەکبەری، منداڵی تەمەن ١٤ ساڵی خەڵکی کرماشان، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لەو شارەدا لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
قوروە و بیجاڕ
ڕۆژی شەممە ٢١ی بەفرانباری ٢٧٢٥، شاروخ مستەفایی، خەڵکی قوروە و یەکێک لە کاسبکارانی ئەو شارە، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ئەو شارە گواستراوەتەوە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە، ناوەندە حکومەتییەکان وێڕای درێژکردنەوەی مانگێکی بڕیاری دەستبەسەرکردنی، ڕێگە نادەن چاوی بە کەسوکاری بکەوێت یان پارێزەری هەبێت و هەڕەشەیان لە نزیکەکانی کردووە کە زانیاری لەم بارەیەوە بڵاو نەکەنەوە.
ئێوارەی هەینی ١٩ی بەفرانباری ٢٧٢٥یش، هێمن لاوە، هاووڵاتیی تەمەن ٢٥ ساڵ و وەرزشوانی خەڵکی بیجاڕ، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە و بە تێپەڕبوونی کاتێکی زۆر، هیچ هەواڵێک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.
بوجنوورد (خۆراسانی باکوور)
ڕۆژی هەینی ١٩ی بەفرانباری ٢٧٢٥، مەیسەم شاکری، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی بوجنوورد، بەبێ نیشاندانی بڕیاری دادوەری دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. بەپێی ڕاپۆرتە وەرگیراوەکان، ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بۆ بەندیخانەی بوجنوور گواستراوەتەوە، بەڵام هێشتا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەشە.
ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٥، عەلی خانی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی بوجنوور، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ناوبراو لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی کورتدا باسی لە دۆخی زۆر خراپی خۆی لە دەستبەسەرگەدا کردووە کە بووەتە هۆی نیگەرانیی توندی بنەماڵەکەی.
ئیلام
لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە ئیلام، سادق پەرویززادە، وێنەگری سروشت و خەڵکی ئیلام، لە کاتێکدا بە توندی لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە بریندار کرابوو، دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.