ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار؛ دەستبەسەرکردنی ٢٤ هاووڵاتیی دیکە لەوانە چوار ژن و پێنج منداڵ لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە

١٤ بەفرانبار ٢٧٢٥، ١٣:٣٦

هەنگاو؛ یەکشەممە ١٤ی بەفرانباری ٢٧٢٥

لە بەردەوامیی شەپۆلی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییاندا، لانی کەم ٢٤ هاووڵاتی لەوانە پێنج منداڵ و چوار ژن لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە شارەکانی بەدرە، سەبزەوار، تاران، کرماشان، دێهدەشت، یاسووج، نەیشابوور، مەشهەد، سەربەندەری خوزستان و نەهاوەند سەر بە پارێزگای هەمەدان دەستبەسەر کراون و زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١٣ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٣ی ژانوییەی ٢٠٢٦)، هەستی کەریمی، منداڵی تەمەن شازدە ساڵ لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە نزیک مەیدانی فەلەستینی مەشهەد دەستبەسەر کرا.

عەلی ئەمان‌ئابادی، گەنجی تەمەن ٢٠ ساڵ لە نەیشابوور، و جەلال لوتفی هاووڵاتیی خەڵکی سەبزەواریش هاوکاتا دەستبەسەر کراون.

لە هەمان ڕۆژدا، لانی کەم شەش هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی ئیحسان سەنجابی خەڵکی کرماشان و هەرکام لە موحسین حەیدەربەیگی، سەجاد فاتیحی، شەعبان کەرەمی، پێدرام گەنجی و ڕووحوڵڵا مورادی لە شاری بەدرەی پارێزگای ئیلام دەستبەسەر کراون.

ڕۆژی هەینی ١٢ی بەفرانبار (٢ی ژانوییە) علیرزا جەمشیدی، محەممەد جەمشیدی، ستایش ئەنساری، محەممەد ڕەوان‌سالار و سەعید دیل، پێنج هاووڵاتیی لوڕی خەڵکی یاسووج لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە لەو شارەدا دەستبەسەر کران.

لە هەمان ڕۆژدا حەمید دادڕەس، بەندکراوی سیاسیی پێشووی لوڕیش لە دێهدەشت سەر بە پارێزگای کۆهگیلوویە و بۆیەر ئەحمەد دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

سەعید شیعی و ئەبولفەزل ئیمانی، دوو منداڵی ١٧ ساڵەی خەڵکی سەبزەوار و جەواد سوڵتانی کەلاتە، باوکی دوو منداڵ و خەڵکی سەبزەوار لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئەو شارەدا لە ڕێکەوتی ١٢ی بەفرانبار دەستبەسەر کراون.

لە درێژەی دەستبەسەرکردنەکانی ئەو ڕۆژەدا، مێهرسا مەلەکی، هاووڵاتیی عەرەبی تەمەن ٢٠ ساڵ لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی سەربەندەر سەر بە پارێزگای خوزستان بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەر کرا. محەممەد فەتحیش لە خاک‌سفیدی تاران هەر لەو ڕۆژەدا دەستبەسەر کراوە.

لە ماوەی ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی بەفرانبار، محەممەد تاهیری پارسا، تەمەن ٣٨ ساڵ و باوکی دوو منداڵ خەڵکی سەبزەوار و دانیشتووی مەشهەد لە دوکانی جلوبەرگفرۆشییەکەی خۆیدا دەستبەسەر کرا.

ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی بەفرانبار مەهدی سەیف، مامۆستای لوڕی تەمەن ٢٥ ساڵ لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە لە نەهاوەندی هەمەدان دەستبەسەر کرا و هەتا ئێستا زانیاری لەسەر چارەنووسی نییە.

هوومەن بەلاش‌ئابادی، و سەبا مەحروومی دوو منداڵی ١٧ ساڵەی خەڵکی سەبزەواریش ڕۆژی سێشەممە ٩ی بەفرانبار (٣٠ی دیسەمبەری ٢٠٢٥) لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە