ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر دەستبەسەرکرانی لانی کەم ٣٤ هاووڵاتیی کورد لە لایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران
هەنگاو، هەینی ٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥
لانی کەم ٣٤ هاووڵاتیی بریتی لە سێ ژن و هاووڵاتییەکانی پێڕەویی یارسان بە ناوەکانی ئێلهام ئومیدیان، ندا ددەجانی، ستایەش سوهرابی، سینا کیانی، وەحید لەتیفنژاد، یەزدان عەزیزی، موحسین باویر، هەیبەت مۆیید، حوسێن ئەمیری حوسێنی، سامان تەهماسبی، یەدووڵا سەرمەستی، یاسین فەتحی، عێرفان مەجیدی، سابیر قادری، دانیال بەهرامی، زاهێد خالیدیان، واحد خالیدیان، حامید دلاوەریی، ئاریان عوسمانی، هەژیر شانازی، فەرهاد مەحموودی، فەرزام محەممەدی، هیوا تاتایی، ئەشکان کەلەکی، عەلی ئەسغەر ئەحمەدپنا، موحسێن سلێمانی، سەلمان بەسیرەت، بەهمەن ڕەسووڵی، موحسێن سوڵتانی، فەرهاد مەحموودی، فەرزام محەممەدی، ئاریا مورادی ، لە لایەن هێزە ئەمنییەکان و حکوومەتییەکان لە شارەکانی ئیلام، ئابادان، سنە، دێولان، جوانڕۆ، قوروە، سەقز، ساحێب، شنۆ، ئورمیە و تاران دەستبەسەرکراون.
ناسنامەی ئەم هاووڵاتییانە کە لە ئەنجامی شەپۆلی سەرکوت و دەستبەسەرکرانە بەرینەکان لە دەستپێکی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی دەستبەسەرکراون، لە لایەن هەنگاو ئاشکرا و بە وردەکارییەوە بەم شێوەیە:
ئیلام و ئاودانان
پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٢٧ی بەفرانباری ٢٧٢٥ وەحید لەتیفنژاد، چالاکی مەدەنی و خەڵکی ئیلام، لە لایەن هێزە حکوومەتییەکان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە و بە تێپەڕینی زیاتر لە یەک حەوتوو لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە، بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ناوبراو بێ ئاکام ماوەتەوە و ناوەندە ئەمنییەکان لە دانی هەر جۆرە شرۆڤەیەک خۆیان دەبوێرن.
هەر لەم ڕۆژەدا، موحسێن باویر، هاووڵاتیی خەڵکی ئاودانان و خاوەن کافەی «گوڵ» لەم شارە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان یەک ڕۆژ پاش دەستبەسەرکران، کافەکەی ناوبراو لە لایەن کەسانی پەیوەندیدار بە حکوومەت ئاگری تێبەر دراوە و زیانی ٧٠٠ ملوێن تمەنی لێ دراوە.
هەروەها ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانباری ٢٧٢٥ یەزدان عەزیزی، هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی ئیلام، لە لایەن هێزە حکوومەتییەکان دەستبەسەر و هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لە چارەنووس و شوێنی هەڵگرتنی ناوبراو لە بەر دەستدا نییە.
سنە
ڕۆژی شەممە ٦ی بەفرانباری ٢٧٢٥، هەیبەت مۆیید، ئەندازیاری ٤١ ساڵە و خەڵکی سنە، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. بە تێپەڕینی ٢٦ ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە، هیچ زانیارییەک لە هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، شوێنی هەڵگرتن، دۆخی تەندرووستی و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ناوبراو لە بەر دەستدا نییە.
هەروەها ڕۆژی هەینی ١٩ی بەفرانباری ٢٧٢٥، ستایەش سۆرابی، خەڵکی سنە، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لەم شارە بە بەکارهێنانی توندووتیژییەوە دەستبەسەرکراوە.
دێولان
لانی کەم ٦ هاووڵاتیی بە ناوەکانی حوسێن ئەمیری حوسێنی، سامان تەهماسبی، یەدووڵا سەرمەستی، یاسین فەتحی، عێرفان مەجیدی و سابیر قادری، هەموویان خەڵکی دێولان لە لایەن هێزە حکوومەتییەکان دەستبەسەر و بە تێپەڕینی زیاتر لە دوو حەوتوو هیچ زانیارییەک لە هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، شوێنی هەڵگرتن، دۆخی تەندرووستی و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ئەم هاووڵاتییانە لە بەر دەستدا نییە.
جوانڕۆ
ڕۆژی هەینی ٢٠ی بەفرانباری ٢٧٢٥، دانیال بەهرامی، هاووڵاتیی ٢١ ساڵە و ئاڕایشگەر و خەڵکی جوانڕۆ، بە هۆی بڵاو کردنەوەی ڤیدیۆیەک بۆ پاڵپشتی کە مانگرتنەکان و ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی، دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. بە تێپەڕینی زیاتر لە دوو حەوتوو لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە، بنەماڵەی ناوبراو هێشتا بێ ئاگان لە چارەنووس و شوێنی هەڵگرتنەکەی.
قوروە
ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی بەفرانباری ٢٧٢٥ زاهێد خالیدیان و واحد خالیدیان، دوو برا و لە بەندکراوانی سیاسیی پێشوو، خەڵکی قوروە، لە لایەن هێزە حکوومەتییەکان دەستبەسەرکراون و هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی هەڵگرتنی ناوبراوان لە بەر دەستدا نییە.
سەقز
ڕۆژی چوارشەممە ١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥، سێ هاووڵاتیی بە ناوەکانی حامید دلاوەریی خەڵکی سەقز و ئاریان عوسمانی و هەژیر شانازی خەڵکی ساحێب لە لایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە. بە پێی زانیارییە وەرگیراوەکان حامید دلاوەریی بۆ سنە گواستراوەتەوە.
شایانی باسە کە ئاریان عوسمانی وەرزشوانی لقی کیک بۆکسینگ بووە و قارەمانی پارێزگایشە.
هەروەها لە ڕۆژانی ڕابردوودا، فەرهاد مەحموودی، فەرزام محەممەدی و هیوا تاتایی هاووڵاتییانی دیکەی سەقزن کە لە لایەن هێزە حکوومەتییەکان لەم شارە دەستبەسەرکراون. بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک بە بنەماڵەی محەممەدی، فەرزاد محەممەدی پاش دەستبەسەرکران کەوتووەتە بەر ئەشکنجەوە.
شنۆ
ئێلهام ئومیدیان، هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ و دانیشتووی ئاڵمان، پاش هاتنەوە بۆ ئێران بۆ سەردانی بنەماڵەکەی، لە لایەن هێزە حکوومەتییەکان دەستبەسەر و بە تێپەڕینی چەندین ڕۆژ چارەنووسی نادیارە. سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاند کە بنەماڵەی ناوبراو تەنیا یەک جار ناوبراویان لە دادگا بینیوە و تەنانەت ئیزنی قسە کردن لەگەڵ ناوبرویان نەبووە.
ئورمیە
ئەشکان کەلەکی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی جلقەران سەر بە سۆما و برادۆست، لە لایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر و سەرەڕای تێپەڕینی یەک حەوتوو هیچ زانیارییەک لە چارەنووس و شوێنی هەڵگرتنی ناوبراو لە بەر دەستدا نییە.
تاران
ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٥، عەلی ئەسغەر ئەحمەدپەنا، هاووڵاتیی ١٩ ساڵەی کورد و خەڵکی بیجاڕ، لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی تاران دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی تارانی گەورە گواستراوەتەوە.
ئەم هاووڵاتییە نەخۆشی تەشەنوجی هەیە و سەرەڕای پێویستی بەپەلە بە بەکارهێنانی دەرمان، لە کاتی دەستبەسەرکرانییەوە هەتا ئێستا لە دەستپێڕاگەیشتن بە دەرمان بێبەش کراوە.
هەروەها هەر لەم ڕۆژەدا سینا کیانی، لاوی ٢١ ساڵە و خەڵکی کرماشان و لە پێڕەوانی ئایینی یارسان، بە بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەریی لە تاران دەستبەسەرکراوە. بە تێپەڕینی ١٧ ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانییەوە، بنەماڵەی ناوبراو ڕایانگەیاندووە کە دانپێدانانی زۆرەملێ لە ناوبراو لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراوەتەوە و نیگەرانییەکان سەبارەت بە دۆخی تەندرووستی و دەروونی ناوبراو زیادی کردووە.