هۆشداریی هەنگاو سەبارەت بە بەکارهێنانی ئامرازییانەی منداڵانی ١٢ ساڵ لەلایەن سوپای پاسدارانەوە لە کاتی شەڕدا

٧ خاکەلێوە ٢٧٢٦، ١٧:١٥

هەنگاو، هەینی ٧ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦

سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران گەڵاڵەیەکی خستووەتە گەڕ کە تێیدا منداڵانی سەروو ١٢ ساڵ بە شێوەیەکی فەرمی بۆ بەشداری لە چالاکییە سەربازی و ئەمنییەکاندا بانگهێشت دەکرێن. هەنگاو هۆشداری دەدات کە ئەم هەنگاوە نموونەی ئاشکرای پێشێلکردنی مافەکانی منداڵان و بەکارهێنانی ئامرازییانەی منداڵانە لە پێکهاتە سەربازییەکاندا.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان لە میدیا حکومەتییەکان لەوانە ڕۆکنا، ڕەحیم نادعەلی، جێگری کولتووری و هونەریی سوپای «محەممەد ڕەسوڵوڵڵا»ی تاران، هەواڵی دەستپێکردنی کەمپەینێکی لەژێر ناوی «جەنگاوەرانی پارێزەری نیشتمان بۆ ئێران» ڕاگەیاندووە. لەم بانگەوازەدا بە فەرمی ڕاگەیەندراوە کە هاووڵاتییان لە تەمەنی ١٢ ساڵییەوە ڕێگەیان پێ دەدرێت بۆ هاوکاری لە بوارەکانی «ئۆپەراسیۆن، پشتگیری و بازگەکانی پشکنین» ناوی خۆیان تۆمار بکەن.

بە سەرنجدان بەوەی کە بنکەکانی بەسیج و بازگەکانی پشکنین لە بارودۆخی ئێستادا لەو ئامانجانەن کە ئەگەری هێرشیان لەسەرە، ناردنی منداڵانی ١٢ ساڵان بۆ ئەم شوێنانە بە واتای «خستنە مەترسیی ئاگادارانەی گیانی منداڵان» دێت. هەنگاو جەخت دەکاتەوە کە بەرپرسانی سوپا بەئەنقەست منداڵان وەک قەڵغانی مرۆیی بۆ جێگیرکردنی چینە ئەمنییەکانی خۆیان بەکار دەهێنن.

ڕاپۆرتە بەڵگەنامەیییەکان نیشانی دەدەن کە کۆماری ئیسلامیی ئێران ساڵانێکە بە خراپبەکارھێنانی نەبوونی پێگەیشتوویی فکری و لاوازیی تەمەنی منداڵان، پرۆسەی «شۆردنەوەی مێشک»ی لەژێر پەردەی بەرنامە کولتووری و پەروەردەیییەکاندا بردووەتە پێشێ. ئامانجی سەرەکیی ئەم هەنگاوانە، گۆڕینی منداڵانە بۆ ئامرازی ئەمنی پێش گەیشتن بە تەمەنی یاسایی بۆ بڕیاردانی ئاگادارانە، بەجۆرێک کە ئەم کەسانە بخرێنە خزمەت ئامانجە سیاسی و ئەمنییەکانی سیستمەکە.

بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و پرۆتۆکۆلی ئارەزوومەندانەی کۆنڤانسیۆنی مافەکانی منداڵ سەبارەت بە قەدەغەکردنی بەشداریی منداڵان لە ململانێ چەکدارییەکاندا، هەر جۆرە ڕاکێشان، پەروەردەکردن و بەکارهێنانی کەسانی خوار ١٨ ساڵ لە دامەزراوە سەربازی و نیمچەسەربازییەکاندا قەدەغەیە. کۆماری ئیسلامیی ئێران بە کەمکردنەوەی تەمەنی ئۆپەراسیۆنی بۆ ١٢ ساڵ، بە شێوەیەکی سیستماتیک مافی ژیان، مافی ئاسایش و مافی گەشەی سروشتیی منداڵان پێشێل دەکات.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەم هەنگاوەی سوپای پاسداران بە «تاوانێکی ڕێکخراو دژی منداڵان» دەزانێت و لە نەتەوە یەکگرتووەکان، یونسێف و ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ داوا دەکات تا بۆ ڕاگرتنی ئەم ڕێکارە مەترسیدارە، گوشارە دیپلۆماسی و یاسایییەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی زیاد بکەن.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە