کوژرانی حکومەتیی ئارمیتا گەڕاوەند؛ یەک ساڵ سەرکوت، سانسۆر و بێدەنگیی زۆرەملێ
هەنگاو؛ ۹ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤
بارودۆخی ئەمنی لە ساڵیادی ئارمیتا گەڕاوەند
لە یەکەمین ساڵیادی کوژرانی ئارمیتا گەڕاوەند لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە، ناوەندە ئەمنییەکان بنەماڵەی ئەو مێرمنداڵەیان لەژێر گوشار داناوە و لە بڵاوکردنەوەی هەرچەشنە نووسراوەیەک لەلایەن ئەوانەوە ڕێگری دەکەن. لە بەیانیی ڕۆژی شەممە، ٥ی خەزەڵوەرەوە تا کۆتایی ڕۆژی ساڵیادەکەی هێزە ئەمنییەکان لە دەوروبەری ماڵی بنەماڵەی ئارمیتا و گڵکۆکەی جێگیر ببوون تا لە بەڕێوەبردنی هەر ڕێوڕەسمێک لە ساڵیادی کوژرانی ناوبراو ڕێگری بکەن. تەنانەت ڕێگەی بڵاوکردنەوەی وێنەی تاجی گوڵێک کە بۆ ئارمیتایان دروست کردبوویان بە بنەماڵەی نەداوە.
بەپێی ئەو بەڵگانەی بە دەستی هەنگاو گەیشتوون، هێزە ئەمنییەکان لە بەرەبەرەی ساڵیادی کوژرانی ئارمیتا گەڕاوەند، وێنەی سەر بەردی گڵکۆکەیان گۆڕیوە و تەنیا هێشتوویانە کەسانی نەزدیکی بنەماڵەی ناوبراو بۆ ماوەی ١٥ خولەک لەسەر گڵکۆکەی ئامادە بن.
وێنەیەک کە بنەماڵەی ئارمیتا لەسەر بەردی گڵکۆکەیان دانابوو، وێنەی ڕاستیی ئارمیتا بێ ڕەچاوکردنی حیجابی زۆرەملێ بوو و وێنەکە بەشێوەی سێلفی گیرابوو، بەڵام بەپێی ئەو وێنە نوێیانەی بە هەنگاو گەیشتوون، هێزە ئەمنییەکان وێنەکەی خۆیان لابردووە و وێنەیەکیان لە ئارمیتا داناوە کە بە کەڵکوەرگرتن لە هۆشی دەستکرد و بە لەبەرچاوگرتنی یاسای حیجابی زۆرەملێوە ساز کراوە.
ئارمیتا گەڕاوەند قوتابیی تەمەن ١٧ ساڵی خەڵکی کرماشان و دانیشتووی تاران بوو، کە ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزە حیجابەوانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە وێستگەی مێترۆی «گۆڕەپانی شۆهەدا» ی تاران لەگەڵ توندوتیژییەکی گیانئەستێن ڕووبەڕوو کرایەوە و دواتر بەپێی گێڕانەوەی حکومەت کەوتە کۆماوە.
پەیوەندیی کوژرانی حکوومەتیی ئارمیتا گەڕاوەند لەگەڵ بزووتنەوەی «ژن ژیان ئازادی»
کوژرانی حکومەتیی ئارمیتا گەڕاوەند هاوشێوەترین حاڵەت بە حاڵەتی ژنکوژیی حکومەتیی ژینا ئەمینی دوای بزووتنەوەی «ژن ژیان ئازادی» بوو. ڕووداوێکی دڵتەزێن کە بەپێی زانیاریی نوێی هەنگاو پەیوەندی بە کوژرانی ژینا ئەمینییەوە هەبووە.
بە تیشک خستنە سەر ئەو زانیارییە نوێیانەی کە بە دەستی هەنگاو گەیشتوون، ئارمیتا گەڕاوەند وەکوو زۆر یەک لە هاوجیلەکانی خۆی _دەیە هەشتاییەکان_ لە بزووتنەوەی «ژن ژیان ئازادی» چالاکانە بەشداری کردبوو و لە ماوەیەک پێشترەوە بە لابردنی ڕووسەری بەبێ حیجابی زۆرەملێ دەچووە شوێنە گشتییەکان. ئەو قوتابییە تەمەن ١٧ ساڵە هەروەها وەکوو زۆر کەسی دیکە لەو کەسانەی کە بیروبڕوایان لەگەڵ باوەڕە مەزهەبییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران جیاوازی هەبوو، دژی یاسای حیجابی زۆرەملێ بوو.
بیرەوەرییەک کە لە ئارمیتا لە یادی هاوڕێیان و بنەماڵەکەیدا ماوەتەوە دەگەڕێتەوە سەر ئەو هۆشدارییانەی لەسەر حیجابی زۆرەملێ لەلایەن مەلایەکەوە لە گەڕەکی خۆیان پێی دەدرا، ئارمیتا لە وەڵامی ئەو هۆشدارییانەدا چەندین جار بە مەلاکەی گوتبوو هەر کات ئێوە مێزەرە و جلی مەلاییتان دەرهێنا منیش ئەو حیجابەی دەتانهەوێ لەسەر دەکەم.
هەروەها هەنگاو لەم دواییانەدا زانیویەتی کە بنەماڵەی ئارمیتا گەڕاوەند لەژێر گوشاری زۆری ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران تا ئێستا سکاڵایان لەسەر هیچ ناوەندێک تۆمار نەکردووە.
لە بەرەبەرەی ساڵیادی کوژرانی ئارمیتا گەڕاوەند، هەنگاو لەم ڕاپۆرتە لێکۆڵینەوەییەدا، لە شێوەی کوژرانی ئارمیتا و ڕێوشوێنە ئەمنییەکان لە دوای کوژرانی ناوبراو، سەرکوتی بنەماڵەکەی و ئەندازیاریکردنی کەشی میدیاکان بەمەبەستی ڕێگری لە شۆکی کوژرانی ئارمیتا بەهۆی حیجابی زۆرەملێ، دەکۆڵێتەوە.
٢٨ ڕۆژ کۆما و گوشارە ئەمنییەکان لەسەر بنەماڵەی ئارمیتا گەڕاوەند
لە یەکەمین چرکەکانی هێرشکردنە سەر ئارمیتا گەڕاوەند و گواستنەوەی ناوبراو بۆ نەخۆشخانەی فەجر، نەخۆشخانەیەکی پەیوەندیدار بە ئەرتەشی ئێران، کۆنترۆڵکردنی کەشی هەواڵەکان لەلایەن دەزگای ئەمنیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستی پێکرد. هەواڵنێرە سەربەخۆکان نەیاندەتوانی لەگەڵ ئارمیتا، بنەماڵەکەی و دکتۆرەکان پەیوەندی بگرن و ئیزنی ئامادەکردنی ڕاپۆرت لە نێو نەخۆشخانە ڕێگەپێدراو نەبوو. نەخۆشخانە لە گەمارۆی هێزە ئەمنییەکاندا بوو. مەریەم لۆتفی ڕۆژنامەنووسی بەشی کۆمەڵایەتیی ڕۆژنامەی شەرق، دوای وتووێژێکی تەلەفۆنی لەگەڵ دایکی ئارمیتا گەڕاوەند دەستبەسەر کرا. بەشی چاودێریی تایبەتیی نەخۆشخانەی فەجری تاران لەژێر ڕێوشوێنی سەختی هێزە ئەمنییەکان داندرابوو و سەرجەم چاوپێکەوتنەکان لەو بەشەدا هەڵوەشێندرانەوە.
هەر لەو ڕۆژە سەرەتاییانەدا، دایک و باوکی ئارمیتا گەڕاوەند لە بەرانبەر کامێرا داندران و بە حاڵەتێک کە بە پەشۆکاوی دەبیندرێن، بە شکەوە باسیان لە «هاتنەخوارەوەی زەختی خوێن» و «کەوتنی سەری ئارمیتا لە قەراغی شەمەندەفەر» کرد. دایکی ئارمیتا گەڕاوەند، شەهێن ئەحمەدی، لەو وتووێژە شانۆییەدا دەڵێت: «نازانم چی، پێموایە ئێستا کوتیان زەختی خوێنی هاتۆتە خوارێ و کەوتووە بە عەرزدا.» وتووێژێک کە زیاتر وەکوو دانپێدانانێکی زۆرەملێ دەچێت. هەر لەو ماوەیەدا وتووێژێکی دیکە لە بەهمەن گەڕاوەند، باوکی ئارمیتا لە پێگەی ئینتەرنێتیی فەراز بڵاو کرایەوە کە لەوێدا کوتبووی «چەند ڕۆژێک دەبێت هەواڵی ئارمیتا نازانم، من لەسەر کارم!... تەنیا دەزانم لە کۆمادایە». ئەوە لە حاڵێکدایە کە باوکی ئارمیتا کرێکار بووە، و لە هەمان بارودۆخدا ناچار بووە ڕۆژانە کار بکات و دایکی زیاتر لە نەخۆشخانە بەدواداچوونی بۆ بارودۆخی ئارمیتا دەکرد.
بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو لە تەواوی ماوەی لە کۆما بوونی ئارمیتا، دەستڕاگەیشتنی بنەماڵەکەی بە ناوبراو لە نەخۆشخانەی فەجر زۆر کەم و لەژێر چاودێریی هێزە ئەمنییەکاندا بووە. بە خوشکی ئارمیتا ڕێگە نەدراوە کە تەنانەت لە پشت شووشەشەوە چاوی پێ بکەوێت. ئەو بارودۆخە ئەمنییە لە تەواوی ماوەی لە کۆمادا بوونی ئارمیتا بەردەوام بووە.
بنەماڵەی ئارمیتا یەک بەدوای یەک هەر چەند کاتژمێر جارێک _بۆ نموونە لە ڕۆژی ٩ی ڕەزبەر لانی کەم سێ کاتژمێر بنەماڵەی ئارمیتا و پێنج کاتژمێر دوو کەس لە هاوڕێکانی_ لە ناوەندە ئەمنییەکان لەژێر گوشار و هەڕەشەی ناوەندە ئەمنییەکاندا بوون.
هاوڕێکانی ئارمیتا هاوکات لەگەڵ بنەماڵەکەی ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێی تەلەڤیزیۆنی کران، گوشارەکان لەسەر هاوڕێکانی ئارمیتا لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا درێژەی هەبووە بەشێوەیەک کە یەکێک لە هاوڕێ و هاوپۆلییەکانی ناوبراو کە ناسنامەی لای هەنگاو پارێزراوە، بەهۆی ئەو گوشار و هەڕەشانەوە تووشی جەڵتەی دڵ هات و بارودۆخێکی دەروونیی خراپی ئەزموون کرد.
ماوەیەک دوای ڕۆشتنە کۆمای ئارمیتا گەڕاوەند، ڤیدیۆیەک لە دەرەوەی مێترۆکە بڵاو کرایەوە. ڤیدیۆکە لە ڕێگای هاتووچۆی ئارمیتا بۆ قوتابخانەکەی بوو. بۆ زۆر کەس ئەو پرسیارە هاتە ئاراوە کە لە کوێوە دەتوانن دڵنیا بن ئەو ڤیدیۆ تۆمارکراوە دەگەڕێتەوە سەر کام ڕۆژ. بەپێی ئەو زانیارییانەی هەمان کات بە دەستی هەنگاو گەیشتن، هیچ یەک لە حیجابوانەکان ڕۆژەکانی دواتر لە شوێنی کارەکەیاندا ئامادە نەبوون.
٢٨ ڕۆژ کۆما و ئەندازیاریی کەشی میدیاکان
حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران هیچکات لە پەیوەندی لەگەڵ دۆسیەی ئارمیتادا وێنەی کامێراکانی نێو مێترۆکەی بڵاو نەکردەوە. ئامینە سادات زەبیحپوور هاوکات لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو دۆسیەدا کوتی: «پرسیارم کرد بە چ هۆکارێک ڤیدیۆیەک لە نێو واگۆنەکە بڵاو نەبووەتەوە. شەمەندەفەرەکانی سری ١٠٠ کامێرایان نییە.» هەڵبەت ئەوەیکە لە نێوان هەموو شەمەندەفەرەکان ڕێک ئەو خەتی مێترۆیەی ئارمیتا لەوێدا بووە، کامێرای نەبێت دوور لە باوەڕە. بە پێچەوانەی قسەی ناڕاستی ئامینە سادات زەبیحپوور، کە دۆسیەی لێپرس هەواڵنێربوونی ناوبراو زۆر پێشتر لەلایەن سپیدە قۆلیان بەندکراوی سیاسییەوە باس کرابوو، بە لێکۆڵینەوەی ڤیدیۆیی لەسەر دەرەوەی مێترۆکە ئاشکرا کرا کە ئارمیتا گەڕاوەند لە نێو جۆری ١٢٠٠ بووە نەک جۆری ١٠٠.
هەنگاو بە لێکۆڵینەوەی ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان لەلایەن دەزگای ئەمنیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەو ئاکامە گەیشتووە کە ئەو ڤیدیۆیانە هەڵگری چەندین دەستکاریی جددی لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو دۆسیەدان کە بریتی لە ناتەبایی ئاسایی بەڵام جددیی زۆرە. بۆ نموونە لە ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان لەلایەن دەزگای ئەمنیی حکومەتی ئێرانەوە بەشێکی لە ٦: ٥٢: ٤٠ دەچێتە سەر ٦: ٥٤: ٢٠ (١٠٠ چرکەی پاک کراوەتەوە) هەروەها لە بەشێکی دیکەی لە ٦: ٥٤: ٥٠ لە سوپێرمارکێتێک دەچێتە سەر چرکەی ٦: ٥٧: ٣١ (١٥٠ چرکە پاک کراونەتەوە) هەروەها لە ٦: ٥٨: ١٥ بۆ ٦: ٥٩: ٤٠ پاک دەکرێتەوە. بە چەندین جار لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو ڤیدیۆیانە ئاشکرا دەبێت کە لە چرکەی وەڕێکەوتنی ئارمیتا گەڕاوەند دوای گەیت، ژنێک پێش ئارمیتا لەوێ تێپەڕ دەبێت و پێش ئەویش ڕاوەستاوە، ڕێک هەمان چرکە لە گۆشەیەکی دیکە بە کامێرایەکی جیاواز تۆمار کراوە، و ئەو ژنە لە دوای ئارمیتاوەیە. لە جێگایەک سێ پیاو لە لای پەیژەیەکی کارەبایی لە لایەنی جیاوازی پەیژە کارەباییەکەدا ڕاوەستاون، بەڵام لە ڤیدیۆکەی دیکەدا لەوێ نین. تەواوی ئەو حاڵەتانە لە کاتی چوونەژوورەوەی ئارمیتا بۆ نێو مێترۆکە شک دەخەنە سەر ڕاستی بوونی ئەو ڤیدیۆیانە.
بەپێی لێکۆڵینەوەکانی هەنگاو لە هەمان کاتدا لە زانیارییەکانی سەر ماڵپەڕی فەرمیی واگۆنەکانی تاران ڕوون کراوە کە تەواوی واگۆنی مێترۆکان ساڵی ٩٠ی هەتاوی کامێرایان وەسەر خراوە. واتە زانیارییەکانی دیکەی واگۆنەکانی مێترۆی تاران پێچەوانەی قسەی هێزە ئەمنییەکان نیشان دەدات کە هەر بەو هۆکارەشەوە ئەو زانیارییانە لەسەر ماڵپەڕی مێترۆی تاران پاک کرانەوە.
لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو بابەتەدا هەنگاو هەمان کات بە گێڕانەوە لە شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی فەرهەنگیان لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ڕایگەیاند کە سەرۆکی حیراسەتی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان (لەگەڵ دەستەیەک لە سەرکوتکەرە ئەمنییەکان) ڕۆیشتوونەتە خوێندنگەی هونەریی «عروةالوثقی» و هەڕەشەیان لە هاوپۆلییەکانی ئارمیتا کردووە کە زانیارییەک لەو بارەوە بڵاو نەکەنەوە و هۆشدارییان بە مامۆستاکانی قوتابخانەکە داوە کە لە ئەگەری ژێر پێ خستنی فەرمانە ئەمنییەکان لەسەر کار دوور دەخرێنەوە.
هەر لەو مەودایەدا وتووێژێک لە دوو هاوڕێی ئارمیتا بڵاو کراوە کە لەوێدا، هەردووکیان لە یەک شوێنن و هەردووکیان چاو لە جێگایەک بێجگە لە شوێنی کامێراکە دەکەن. هەردووکیان لە وشە و دەستەواژەی هاوشێوەی وەکوو «کەوتنی سەر لە نێوان دەرگا و سەکۆی مێترۆکە» کەڵکیان وەرگرتووە و دڵەڕاوکێیان هەیە. ڕەوتێک کە لە ڤیدیۆی دانپێدانانە زۆرەملێکان و ڕێنوێنیی ناوەندە ئەمنییەکان زۆر باوە. ١٢ی ڕەزبەری ٢٧٢٣، هاوکات لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێکی ئەمنی لە ئامینە سادات زەبیحپوور، ئیرنا ڤیدیۆیەکی لەو دوو کەسە _مۆهەلا و فاتمە_ لە حاڵەتێکدا کە ڕوخساریان شاردراوەتەوە، بڵاو کردەوە. هەنگاو لەسەر ئەوە جەخت دەکاتەوە کە ناوی ڕاستیی ئەو دوو کچە هاوپۆلییەی ئارمیتا کە ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملی کراون مۆهەلا و فاتمە نییە.
ڤیدیۆکانی ڕێگای هاتووچۆی ئارمیتا لە دەرەوە تا نێو مێترۆکە کە لەلایەن دەزگای ئەمنییەوە لە کەشی گشتیدا بڵاو کرایەوە و بەپێچەوانەی ئامانجەکانی ئەوان، شک و گومانی زیاتری لێکەوتەوە. بە دیتنی وردی ئەو ڤیدیۆیانە دەردەکەوێت کە ئارمیتا لە کاتی چوونە نێو مێترۆکە و شت کڕین لە سوپێرمارکێتەکە دڵخۆش دیارە. ئارمیتا لەو چرکانەدا شێوەی کەسێک کە بڕیارە چەند خولەکی دیکە لە هۆش بچێت نادات. ئەوە لە حاڵێکدایە کە هەواڵنێرە حکومەتییەکان کوتویانە کە ئارمیتا گەڕاوەند تەواو لە هۆشی خۆی چووە. بەڵام لەو فیلمەدا چەند چرکە لە دوای ڕووداوەکە دەبیندرێت کە لاقی ئارمیتا دەجووڵێتەوە. هەروەها تاقیگەی لێبوردنی نێودەوڵەتی هەندێک کێشەی لە ڤیدیۆی کامێرا دابەستراوەکان کە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران لە مێترۆکەدا بڵاو کرانەوەی دیتووەتەوە و نووسیویەتی «ئەوانە بەشێک لە هەوڵە سامناکەکانی سەرۆکانی ئێرانی بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکانن».
لە فایلێکی دەنگی کە میدیا حکومەتییەکان لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو ڕووداوەدا بڵاویان کردەوە، هێزێکی مێترۆ پەیوەندی بە فریاکەوتنەوە دەگرێت، لە چرکەی ١٦ی ئەو فایلە دەنگییەدا ئەو کەسە دەڵێت کە «خاتوونێکی مسافیر ویستوویەتی سواری شەمەندەفەرەکە بێت ئێستا کەوتووە بە عەرزدا». لەو دەنگەدا هەر ئەو کاتەی ئەو کەسە دەڵێت لە واگۆنەکە چی ڕووی داوە لە فایلەکە سڕدراوەتەوە.
لە تەواوی ماوەی لە کۆمادا بوونی ئارمیتا کە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بە شێوەی جددی بەدواداچوونی بۆ هەواڵەکەی دەکرد و ڕاپۆرتەکانی بڵاو دەکردەوە، بنەماڵەکەی لەژێر سەختترین گوشارە ئەمنییەکاندا بوون. ئەو کەشە ئەمنییەی ساز کرابوو بەتایبەت بەو هۆکارەوە بوو کە ئارمیتا لە نەخۆشخانەی ئەرتەش خەوێندرابوو کە لەلایەن هێزی پاراستنی تایبەتیی نەخۆشخانەوە چاودێری دەکرا کە بەراورد بە نەخۆشخانەکانی دیکە زۆر ئەمنیترە.
هێزە ئەمنییەکان هۆشدارییان بە بنەماڵەی ئارمیتا دابوو کە بە هیچ جۆرێک نابێت لەگەڵ میدیاکانی دەرەوەی ئێران وتووێژ بکەن، هەر چەشنە پەیوەندییەک لەگەڵ ڕێکخراوە مافی مرۆڤییەکان بەتایبەتی ڕێکخراوە مافی مرۆڤییەکانی کوردستان بۆ ئەو بنەماڵە بە هێمای جیایی خوازیی ئەوان پێناسە کراوە. هەروەها پێیان ڕاگەیەندوون کە ئەو کەسانە ویستی کوشتنی ئێوەیان هەیە و ئێمە (هێزە ئەمنییەکان) گیانتان دەپارێزین.
هەروەها بەگوێرەی زانیارییەکانی هەنگاو کەسێک بەناوی سەعید گەڕاوەند، سەرهەنگی هێزە ئینتزامییەکانی تاران کە مێردی پووری ئارمیتا و ئامۆزای باوکی بووە، ڕۆڵێکی بەرچاوی لە سانسۆرکردنی هەواڵەکانی ئارمیتا لە ماوەی خەواندنی لە نەخۆشخانە بووە و هۆکاری وەرگرتنی مۆبایلی ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵەکەی و کۆنترۆڵکردنی کەسوکارەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بووە بەشێوەیەک کە هەڕەشەی دەستبەسەرکردنی لێیان کردووە.
لەو نێوانەدا نیشانەکانی گوشاری ئەمنی لەسەر ئەو بنەماڵە لە کونتڕۆڵ و گوێگرتن لە کەرەستەکانی پەیوەندی گرتنیان، چاودێریی ماڵ و نەخۆشخانە هەتا دەستبەسەرکردنی دایکی ئارمیتا گەڕاوەند، شەهێن ئەحمەدی، لەخۆ دەگرێت.
بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو لە ڕێوشوێنە ئەمنییەکان بۆ ئەو بنەماڵە گرنگی بەوە دراوە کە تا ئەو جێی دەکرێت بە کەشی کۆمەڵایەتی سیاسیی کوردستانەوە پەیوەندی نەگرن و زانیارییەکان لەسەر ئارمیتا بە شێوەیەکی کەم و ناڕوون لە ڕێگای میدیا حکومەتییەکانەوە بڵاو بکرێتەوە. بڵاوکردنەوەی دانپێدانانی زۆرەملێ، پێداگری لەسەر ئەمنی ڕاگرتنی نەخۆشخانە و ڕێگری لە ئامادەبوونی ڕۆژنامەنووسان، هەڕەشەی ئەمنی لە بنەماڵەی ئارمیتا و کۆنترۆڵکردنی ئەمنییەتیی هاوپۆلییەکانی، هەموو بەشێک لە ئەندازیاریکردنی میدیاکان لەسەر هەواڵەکانی ئارمیتا بۆ ڕێگری لە گواستنەوەی شۆکی هەواڵی کوژرانی حکومەتیی ناوبراو بۆ ڕای گشتی بوو.
هەواڵی کۆچی دوایی ئارمیتا گەڕاوەند و بارودۆخی ئەمنیی ئەسپەردەکردنی
لە ئاکامدا هەواڵنێری تەسنیم، پەیوەندیدار بە سوپای پاسدارانی ئێران، لە ڕێکەوتی ٦ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ ڕایگەیاند کە ئارمیتا گەڕاوەند گیانی لەدەست داوە. یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ئارمیتا لەو کاتەدا بە هەنگاوی گوت کە بە ڕای ئەو ئارمیتا لە سەرەتاوە کوژرابوو و ئەوان بۆ ماوەی ٢٨ ڕۆژ هەواڵی گیانلەدەستدانی ئارمیتایان بە سیناریۆی کۆما وە دوا خستبوو تا لە شۆکی هەواڵی کوژرانی ناوبراو ڕێگری بکەن و کەشێکی ئەمنی لەسەر ئەو هەواڵە و بنەماڵەکەی ساز بکرێت.
بەپێی بەڵگە تۆمارکراوەکان لە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕەوتی ڕاگەیاندنی هەواڵی کوژرانی ئارمیتا گەڕاوەند و بەخاکسپاردنی ناوبراو دەیان هاووڵاتی دەستبەسەر کران کە ناسنامەی ٢٢ کەسیان بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە. لەو ٢٢ کەسە ٢٠ کەسیان بەناوەکانی نەسرین ستوودە، مەنزەر زەرابی، مەسعوود زەیناڵزادە، محەممەد گەڕاوەند، فاتمە حەقانی، نیلووفەر میرزایی، حەمید عەباسپوور، هاشم مێهر عەلیان، مەجید هووشەنگ کیانپوور، محەممەدڕەزا فەخیم ئاوەر، مێهران حاجی هاشمی، ئەسغەر سەید فەرەجی، عەلی سووختەرا، ڕامتین بەندە، فاتیما زەهرایی، میترا قاسمی، یووسف هۆشیار، سیامەک مەسیحپوور و ئیمان میری لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئارمیتا دەستبەسەر کران. دوو کەسی دیکەش بەناوەکانی حەمید هێممەتی و ڕامین وەلینژاد کە خەڵکی ئیلام بوون بە هۆی دەربڕینی ناڕەزایەتیی خۆیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەبارەت بە کوژرانی دڵتەزێنی ئارمیتا گەڕاوەند دەستبەسەر کران. هەروەها سدیقە وەسمەقی و چەند کەسی دیکە لە چالاکانی بواری ژنان لەو ڕێوڕەسمەدا ئامادە بوون و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لێیاندرا.
بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو سەرەڕای پێداگریی بنەماڵەی ئارمیتا بەمەبەستی بردنەوەی تەرمەکەی بۆ کرماشان بە گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان و بە هۆکاری نیگەرانی لەسەر ئەوەی ئەو حاڵەتەش دەتوانێت وەکوو ژینا ئەمینی لێ بەسەر بێت، لەو گواستنەوەی تەرمەکەی ڕێگری کرا. سەرچاوەیەکی هەنگاو لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو دۆسیەدا دەڵێت هێزە ئەمنییەکان بە ئاشکرا بە بنەماڵەی گەڕاوەندیان گوتبوو کە «بەهۆی سنووری بوونی شاری کرماشان توانای کۆنترۆڵی ئاژاوەیەک وەکوو ئەسپەردەکردنی ژینایان نابێت».
هەنگاو لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوو و بە بەدواداچوونی دۆخی ئەمنیی بنەماڵەی ئارمیتا گەڕاوەند دوای کوژرانی کچەکەیان، زانیویەتی کە ئەو بنەماڵە سەرەڕای ئەوەی ئیزنیان نەبووە تەرمی ئارمیتا ببەنەوە بۆ کرماشان، تەنانەت ئیزنی ئەوەشیان پێ نەدراوە کە ڕێوڕەسمی حەوتە و چلەکەشی لە کرماشان بەڕێوە ببەن.
هەروەها بەپێی زانیاریی نوێ لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو بابەتەدا، ئەو بنەماڵە تەنانەت بۆ بەردی گڵکۆکەی ئارمیتا و نووسراوەی سەر بەردەکەی لەژێر گوشاردا بوون و ئیزنیان نەبووە شیعری کوردیی دڵخوازی ئارمیتا کە لە کاتی زیندووبوونی لە ڤیدیۆیەکدا لەگەڵی دەیگوتەوە، لەسەر گڵکۆکەی بنووسن. ئەو هێزانە هەروەها دژی نووسینی ناوی دایکی لەسەر گڵکۆکەی بوون و لە ئاکامدا بە پێداگریی بنەماڵەکەی و بەتایبەتی دایکی ناوی لەسەر گڵکۆکەی نووسراوە. وێنەیەک کە بنەماڵەی ئارمیتا لەسەر گڵکۆکەیان دانابوو چەندین جار گۆڕاوە و لە ئاکامدا بێ ئیزنی بنەماڵەی و لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە وێنەیەک بە حیجابی زۆرەملێ کە بە بەکارهێنانی هۆشی دەستکردەوە ساز کراوە، لەسەر گڵکۆکەی دانراوە.
هەنگاو کوژرانی حکومەتیی ئارمیتا بەشێک لە دەستەی ژنکوژییە حکومەتییەکان و لە نیشانەکانی ئاپارتایدی ڕەگەزی دەزانێت. ئەو دۆسیە لە دەستەی کوشتنە حکومەتییەکان بە هەژمار دێت کە لەلایەن دەزگای پۆلیسی کۆماری ئیسلامیی ئێران دژ بە ژنان و کەمینە ڕەگەزی و سێکسییەکان _بە کەڵکوەرگرتن لە یاسا پەیوەندیدارەکان بە حیجابی زۆرەملێوە_ ئەنجام دەدرێن. کوشتنە حکومەتییەکان لە پەیوەندی لەگەڵ ژنان و کچانی گەنجدا، لە ژێردەستەی ژنکوژییە حکومەتییەکاندایە. هەر جێگایەک کە ژن و یان کچێک بە هۆی بابەتێک کە دەگەڕێتەوە سەر ڕەگەزی ژن بکوژرێت، ژنکوژی و لە ئەگەری ئەوەی هێزە پۆلیسی و ئەمنییەکان، بەتایبەتی بە پشتبەستن بە یاساکان لە پەیوەندی لەگەڵ بابەتی ڕەگەزدا تووشی ئەو کوشتنانە بووبێتن، نیشانەی ڕوونی ژنکوژیی حکومەتیی بە هەژمار دێت.