سزای سێدارەی دوو بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج بە نهێنی جێبەجێ کرا

١٠ خاکەلێوە ٢٧٢٦، ١٠:٤٣

هه‌نگاو: دووشەممە ١٠ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ 

سزای سێدارەی دوو بەندکراوی سیاسی بە ناوەکانی ئەکبەر دانشوەرکار، خەڵکی تاران و سەید محەممەد تەقەوی، خەڵکی ئامۆڵ کە زستانی ساڵی ٢٧٠٣ دەستبەسەر و ساڵی دواتر سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، بە شێوەیەکی نهێنی لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا. بە هەژمارکردنی ئەم دوو بەندکراوە، لە سەرەتای دەستپێکی شەڕی ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران، لانی کەم ٦ بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەکانی ئێراندا لەسێدارە دراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هه‌نگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ١٠ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ (٣٠ی مارسی ٢٠٢٦)، سزای سێدارەی دوو بەندکراوی سیاسی بە ناوەکانی ئەکبەر دانشوەرکار، تەمەن ٦٠ ساڵ و سەید محەممەد تەقەوی سەنگدەهی، تەمەن ٥٩ ساڵ، بە شێوەیەکی نهێنی و بەبێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکانیان لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا. ئەم دوو بەندکراوە پێشتر لە ساڵی ٢٧٠٤ لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر ئیمان ئەفشاری، بە تۆمەتی "بەغی" لە ڕێگەی ئەندامێتی لە ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلق، سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.

ئاژانسی هەواڵی "میزان"، سەر بە دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی فەرمیی هەواڵی سێدارەدانەکە، تۆمەتی قورسی وەک "دەست هەبوون لە کردەوەی تیرۆریستی"، "دروستکردنی لانچەری تەقەمەنی"، "پێکهێنانی تاقمی نایاسایی" و "پەیوەندی لەگەڵ سەرپەلەکانی نفاق بە مەبەستی گورزوەشاندن لە ئاسایشی وڵات"ی خستووەتە پاڵ ئەم دوو هاووڵاتییە؛ ئەو تۆمەتانەی کە بەپێی ڕاپۆرتەکانی هەنگاو، لە ژێر ئەشکەنجەی توند و لە نەمانی پرۆسەیەکی دادپەروەرانەدا بەسەریاندا سەپێندراون.

ئەکبەر دانشوەرکار، تەمەن ٦٠ساڵ، خێزاندار و باوکی منداڵێکی تەمەن ١٢ ساڵ، ئەندازیاری شارستانیی دەرکراو بوو کە پێش دەستبەسەرکرانی لە ١٣ی بەفرانباری ١٤٠٢، وەک پەیک لە تاران کاری دەکرد. سەید محەممەد تەقەوی سەنگدەهی تەمەن ٥٩ ساڵ، دەرچووی بەشی گرافیکی زانکۆی تاران، لە بەندکراوانی سیاسیی دەیەی ٦٠ بوو و سێ ساڵ سزای بەندکرانی لە ساڵانی ڕابردوودا هەبوو کە تەنیا ساڵێک دوای ئازادبوونی، لە ڕەشەممەی ٢٧٠٣ دووبارە دەستبەسەر کرایەوە.

جێبەجێکردنی نهێنیی سزای سێدارەی ئەم دوو بەندکراوە لە کاتێکدایە کە چوار هاوڕێی دیکەی هەمان دۆسیە بە ناوەکانی پویا قوبادی بێستوونی، وەحید بەنی‌عامیریان، بابەک عەلیپوور و سەید ئەبولحەسەن مۆنتەزەر، هێشتا لەژێر مەترسیی سزای سێدارەدان کە لە ساڵی ٢٧٠٣دا بۆیان دەرچووە. هەروەها دوو تۆمەتباری دیکەی دۆسیەکە بە ناوەکانی سەید موجتەبا تەقەوی و سەید عەلی تەقەوی، سزای بەندکران و دوورخستنەوەیان بۆ شاری خاش بەسەردا سەپاوە. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وێڕای شەرمەزارکردنی ئەم سێدارەدانانە، هۆشداری دەدات لەسەر مەترسیی جیددی بۆ سەر گیانی بەندکراوانی دیکەی ئەم دۆسیەیە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە