کەرەج؛ جێبەجێکردنی نهێنیی سزای سێدارەی غولامڕەزا خانیشەکراب، بەندکراوی سیاسیی تورک لە بەندیخانەی قزڵحیسار
هەنگاو؛ سێشەممە ٥ی جۆزەردانی ٢٧٢٦
سزای سێدارەی غولامڕەزا خانیشەکراب، بەندکراوی سیاسیی تەمەن ٣٤ ساڵ، پاڵەوانی پێشووی وەرزشی MMA و ڕاهێنەر و ناوبژیوانی نێودەوڵەتیی خەڵکی ئەردەبیل، بە شێوەیەکی نهێنی لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا. ناوبراو بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ٥ی جۆزەردانی ٢٧٢٦ (٢٦ی مەیی ٢٠٢٦)، سزای سێدارەی غولامڕەزا خانیشەکراب، بەندکراوی سیاسیی تورک و خەڵکی ئەردەبیل، بە شێوەیەکی نهێنی، بەبێ هەبوونی مافی دوایین چاوپێکەوتن و بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل جێبەجێ کرا.
هاوكات لەگەڵ جێبەجێکردنی سزاکە، ناوەندی ڕاگەیاندنی دەزگای دادوەری بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی فەرمی، لەسێدارەدانی ئەم هاووڵاتییەی پشتڕاست کردووەتەوە. دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سیناریۆسازییەکەیدا بانگەشەی ئەوەی کردووە کە غولامڕەزا خانیشەکراب «یەکێک لە سەرپەرشتیارە باڵاکانی ئۆپەراسیۆنی ڕێکخراوی سیخوڕیی ئیسرائیل (موساد) لە دەرەوەی وڵات» بووە و دەستی کردووە بە ڕاکێشانی کەسەکان لە ناوخۆی ئێران و بەکارهێنانیان بۆ ئەنجامدانی «کردەوەی دژە ئەمنی».
هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو، غولامڕەزا خانیشەکراب پێش دەستبەسەرکردنی لە وڵاتی تورکیا نیشتەجێ بوو. ناوبراو ساڵی ڕابردوو لە کاتی گەشتێکدا بۆ وڵاتی عێراق (کە بە ڕێنمایی یەکێک لە کەسە نزیکەکانی و بە مەبەستی زیارەت ئەنجام درابوو)، لەلایەن هێزە دەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕفێندرا و بۆ ناوخۆی وڵات گوازرایەوە.
ناوبراو دوای تێپەڕاندنی چەندین مانگ لێکۆڵینەوە و ژووری تاکەکەسی لە بەندە ئەمنییەکانی بەندیخانەی ئەوین، لە ڕەوتێکی دادگاییکردنی تەواو ناڕوون و نادادپەروەرانەدا، لەلایەن دادوەر «ئەبۆلقاسم سەڵەواتی» لە لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە تۆمەتی «سیخوڕی و هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتی دوژمنکار (ئیسرائیل)» سزای سێدارەی بەسەردا سەپا. ئەم سزا نادادپەروەرانەیە دواتر لە لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵات وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار پێشتر بە هەنگاوی ڕاگەیاندبوو: «غولامڕەزا خانی لە تەواوی ڕەوتی دادگاییکردن و لێکۆڵینەوەکاندا، لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری هەڵبژێردراو بێبەش بووە و دادگاییکردن و دەرکردنی سزا بۆ ئەو، تەنیا لەسەر بنەمای دانپێدانانی زۆرەملێی وەرگیراو لەژێر فشارە توندەکان و ئەشکەنجەدا بووە.»
سزای سێدارەی ئەم وەرزشوانە تورکە لەکاتێکدا بە شێوەیەکی نهێنی و بەبێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکەی (بێبەشکردن لە دوایین چاوپێکەوتن) جێبەجێ کرا کە لەم دواییانەدا داواکارییەکی نوێی پێداچوونەوەی دۆسیەکە لەلایەن کەسە نزیکەکانیەوە پێشکەشی دیوانی باڵای وڵات کرابوو. ناوبراو لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بە شێوەیەکی لەناکاو بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی، لە بەندیخانەی ئەوینەوە بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج ڕاگوێزرابوو.
شایانی باسە کە لە پێوەندی لەگەڵ ئەم دۆسیەیەدا، برایەکی ناوبراو بە ناوی ئیسماعیل خانی شەکراب تەمەن ٤٣ ساڵ، بەهۆی پەیوەندیی خێزانی لەگەڵ غولامڕەزا لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دوای مەحکوومکردنی بە بەندکردن، لە ئێستادا ماوەی سزاکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەردەوێڵدا تێپەڕ دەکات.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، وێڕای شەرمەزارکردنی توندی ڕفاندن، ئەشکەنجەدان و لەسێدارەدانی نهێنیی غولامڕەزا خانیشەکراب، دەرکردن و جێبەجێکردنی ئەم سزایە بە نموونەی بەرچاوی کوشتنی حکوومەتی و بەردەوامیی ڕەوتی تێرۆرە دادوەرییەکانی کۆماری ئیسلامی دژ بە دۆخی جیاوازبیران و تۆمەتبارانی سیاسی-ئەمنی دەزانێت. هەنگاو جەخت دەکاتەوە کە لەسێدارەدان لەسەر بنەمای دانپێدانانی ژێر ئەشکەنجە و لە نەبوونی کەمترین پێوەرەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە، پێشێلکردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکانە و داوای کاردانەوەی جیدیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات بەرامبەر بە شەپۆلی لەسێدارەدانی بەندکراوانی سیاسی.