کەرەج؛ لەسێدارەدانی نهێنیی عیرفان شەکوورزادە، بلیمەتی بواری فەزا و خوێندکاری پلەی یەکەمی زانکۆی "عیلم و سەنعەت" بە تۆمەتی سیخوڕی

٢١ بانەمەڕ ٢٧٢٦، ٠٩:٠٧

هەنگاو؛ دووشەممە ٢١ی بانەمەڕی ٢٧٢٦

سزای سێدارەی عیرفان شەکوورزادە، بەندکراوی سیاسیی تەمەن ٢٩ ساڵ، توێژەری بواری تەکنەلۆژیای مانگی دەستکرد و خوێندکاری ماستەری زانکۆی "عیلم و سەنعەت"ی ئێران کە لە دوو ساڵ پێشەوە دەستبەسەر کرابوو، بە شێوەیەکی نهێنی لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ٢١ی بانەمەڕی ٢٧٢٦ (١١ی مەیی ٢٠٢٦)، سزای سێدارەی عیرفان شەکوورزادە بە شێوەیەکی نهێنی لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا.

عیرفان شەکوورزادە کە پێشتر سزاکەی ڕاگیرابوو، ڕۆژی ١٧ی بانەمەڕ بە پاساوی "چاوپێکەوتن لەگەڵ بەرپرسێکی بەندیخانە" لە بەندەکەی خۆی لە بەندیخانەی ئەوین گوازرابووەوە بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی قزڵحسار. سزای سێدارەی ناوبراو بەبێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکەی و بێبەشکردنی لە دوایین چاوپێکەوتن جێبەجێ کراوە، ئەمە لەکاتێکدایە کە ئاژانسی هەواڵی "میزان" بانگشەی تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ سی ئای ئەی (CIA) و موساد"ی بۆ ناوبراو کردووە.

عیرفان شەکوورزادە، لەدایکبووی ساڵی ١٣٧٦ (١٩٩٧) و دەرچووی ئەندازیاری کارەبای زانکۆی تەورێز و خوێندکاری پلەیەکەمی قۆناغی ماستەری ئەندازیاریی فەزا (Aeronautical engineering) لە زانکۆی عیلم و سەنعەت بوو. ناوبراو لە ڕێبەندانی ١٤٠٣ لەلایەن ئیتلاعاتی سوپاوە دەستبەسەر کرا و بۆ ماوەی ٩ مانگ لە ژووری تاکەکەسی لەژێر قورسترین ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیدا بووە بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ.

ناوبراو لە یاداشتێکدا کە پێش لەسێدارەدانی لە ناو بەندیخانەوە بڵاوی کردبووەوە، نووسیبووی: «من عیرفان شەکوورزادە، یەکێک لەو دەگمەن بلیمەتانەم کە ئامادە نەبووم کۆچ بکەم... بە تۆمەتی بێ بنەمای سیخوڕی دەستبەسەر کرام و لە ماوەی ٨ مانگ و نیو ئەشکەنجە و ژووری تاکەکەسی، ناچار کرام بە دانپێدانانی زۆرەملێ. مەهێڵن گیانێکی بێتاوانی دیکە لە بێدەنگیدا بستێنرێت.»

ئەم توێژەرە بلیمەتە کە لە بواری کۆنترۆڵ و شوێن دۆزینەوەی کۆمەڵە مانگە دەستکردەکاندا چالاکیی دەکرد، لەلایەن ناوەندە حکومییەکانەوە تۆمەتبار کرابوو کە زانیاریی زانستیی پڕۆژەکانی مانگی دەستکردی داوەتە دەزگا بیانییەکان؛ بانگەشەیەک کە هیچ کات لە دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە و بە ئامادەبوونی پارێزەرێکی سەربەخۆ نەسەلمێندرا. سزای سێدارەی ناوبراو لەم دواییانەدا لە دیوانی باڵای وڵات پشتڕاست کرابووەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەسێدارەدانی نهێنیی ئەم بلیمەتە زانستییە کە بووەتە قوربانیی دۆسیەسازیی ئەمنی و ئەشکەنجە، بە نموونەی بەرچاوی تاوانی دەوڵەتی و "کوشتنی حکوومەتی" دەزانێت.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە