بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج؛ لەسێدارەدانی نهێنیی ئیحسان ئەفرەشتە بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل

٢٣ بانەمەڕ ٢٧٢٦، ١٠:٢١

هەنگاو؛ چوارشەممە ٢٣ی بانەمەڕی ٢٧٢٦

سزای سێدارەی ئیحسان ئەفرەشتە، بەندکراوی سیاسیی تەمەن ٣٢ ساڵی خەڵکی ئیسفەهان و پسپۆڕی بواری ئاسایشی سایبێری (Cybersecurity)، کە پێشتر بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو، بە شێوەیەکی نهێنی و بێبەش لە مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی، لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٣ی بانەمەڕی ٢٧٢٦ (١٣ی مەیی ٢٠٢٦)، سزای سێدارەی ئیحسان ئەفرەشتە دەرچووی ڕشتەی ئەندازیاریی شارستانی، بە شێوەیەکی نهێنی جێبەجێ کرا. ناوبراو لە سەرەتای ساڵی ١٤٠٣ (٢٠٢٤) دوای نیشتەجێبوون لە وڵاتی تورکیا و بە هەماهەنگی و بەڵێنی "ئەماننامە" لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە گەڕابووەوە بۆ ئێران. سەرەڕای ئەوە، ناوبراو دەستبەجێ دوای گەڕانەوەی بۆ وڵات دەستبەسەر کرا و بۆ ماوەی ٥ مانگ لە ژووری تاکەکەسیدا لەژێر سەختترین فشاری دەروونی و ئەشکەنجەدا بوو و دواتر بۆ بەندیخانەی ئەوین لە تاران گوازرایەوە. ناوبراو لە ڕێکەوتی ١٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٤ (١٠ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٥) لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی یەکەی تایبەت، لە بەندیخانەی ئەوینەوە بۆ بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج ڕاگوێزرابوو.

ئیحسان ئەفرەشتە لە ماوەی دەستبەسەرکردنیدا، لەژێر فشار و هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە تایبەتەکانی و پاڵدانی تۆمەتی کردەوەی تێرۆریستی، ناچار کرابوو لە بەرامبەر کامێرادا دانپێدانانی زۆرەملێ بکات. ناوبراو لە تەواوی قۆناغەکانی دادگاییکردندا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری هەڵبژێردراو بێبەش بووە و لەلایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەبۆلقاسم سەڵەواتی بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو؛ سزایەک کە دواتر لە لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵات وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە.

لە کاتێکدا دەزگای دادوەری ناوبراوی بە تۆمەتی سیخوڕی و گواستنەوەی بەڵگەنامەی "تەواو نهێنی" سزای سێدارە دابوو، ئیحسان ئەفرەشتە هەمیشە ئەو تۆمەتانەی ڕەت دەکردەوە و جەختی دەکردەوە کە چالاکییەکانی تەنیا سنووردار بووە بە ئاگادارکردنەوەی ماڵپەڕە سەربەخۆکان لە هێرشی سایبێری. ناوبراو پێشتر ڕایگەیاندبوو: «من بە ئارەزووی خۆم گەڕامەوە و بەپێی بەڵێنی ناوەندە ئەمنییەکان بڕیار وابوو هیچ ئازارێکم پێ نەگات.»

جێی ئاماژەیە کە باوکی ئیحسان ئەفرەشتە، پێشتر و دوای بیستنی هەواڵی دەرچوونی سزای سێدارە بۆ کوڕەکەی، تووشی جەڵتەی دڵ بوو و گیانی لەدەست دا.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەسێدارەدانی نهێنیی ئەم بەندکراوە سیاسییە بە نموونەی بەرچاوی کوشتنی حکوومەتی و خەڵەتاندنی سیستماتیکی هاووڵاتییان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەزانێت. هەنگاو وێڕای شەرمەزارکردنی ئەم تاوانە، لەو بڕوایەدا دە کە دەرکردنی سزای سێدارە لەسەر بنەمای دانپێدانانی ژێر ئەشکەنجە و بێبەشکردن لە دادگاییکردنی دادپەروەرانە، پێشێلکردنی ڕاشکاوانەی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانە.

 

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە